خه‌ڵكی جیهان له‌سه‌ره‌تای ناسینی ئه‌م كچه‌دایه‌

KNN : Kurdish News Network
09:04 - 25/09/2019
هەمەڕەنگ
+
-

ئه‌مساڵ زۆرینه‌ی میدیا جیهانییه‌كان به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی رۆڵی كچێكی چالاكوانی بواری ژینگه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌مه‌نێكی كه‌می هه‌یه‌ و وتاره‌كانی زۆر كاریگه‌رن و كاتێك هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری راده‌گه‌یه‌نێت ملیۆنان بۆ پشتیوانیكردنی ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان.

ئه‌و كچه‌ ناوی گرێتا سه‌نبێرگ، ته‌مه‌ن 16ساڵ،  لە ستۆکۆڵمی پایته‌ختی سوید له‌دایك بووه‌، چالاکوانێکی ژینگە پارێزی جیهانییە، کچی مالینا ئێرنمانی، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئۆپێرایە، لەلایەن خێزانەکەیەوە وا باسدەکرێت: کاتێک تەمەنی تەنها ٨ ساڵ بووە خولیای چالاکی لەبواری ژینگە پارێزی بۆ دروستبووە و هەر لەو کاتەوە سوربوە لەسەر ئەوەی باوەڕ بەجیهان بهێنێت بوەستن لە ناشرینكردنی جوانییەکانی سروشت، بۆیە هەر لەو کاتەوە مانی لە خواردنی گۆشتی ئاژەڵان گرتوە و داوای لە خێزانەکەی کردووە ژینگە بپارێزن.

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك له‌ناو بینای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كاندا بوو له‌ نیو یۆرك، ژماره‌یه‌ك پاسه‌وان گرێتا-یان دوورخسته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌می رۆژنامه‌نوساندا دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رووگیرنه‌كات، به‌و پێیه‌ی تره‌مپ به‌وه‌ ناسراوه‌ دژی رێكه‌وتنه‌ جیهانییه‌كان بۆ پارێزگاری له‌ ژینگه‌ هه‌نگاوی خراپی ناوه‌.

هه‌روه‌ك له‌ ڤیدیۆكه‌دا ده‌بینرێت و میدیاكانی جیهان زۆر لێكدانه‌وه‌یان بۆكرد، كاتێك تره‌مپ ده‌بینێت، گرێتا مۆڕه‌ی لێ ده‌كات و ده‌یه‌وێت قسه‌ بكات، به‌ڵام سه‌رۆكی ئه‌مریكا سه‌رقاڵ ده‌بێت به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری رۆژنامه‌نوسان و به‌وێدا تێده‌په‌ڕێت.

بەتەنیا لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەست دەکات بە بانگەشەیەک لەژێر ناونیشانی (مانگرتنی خوێندنگە بۆ گۆڕانی کەشو هەوا) ئەم بانگەشەیەی لەبەردەم بینای پەرلەمانی ستۆکۆڵم ده‌ستپێكرد لە خۆشەویستی بۆ هەسارەی زەوی، داوایکرد چیتر جیهان ده‌ستبه‌رداری بەکارهێنانی سروشت بێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان.

دوابەدوای ئەم مانگرتنانەی لە ساڵی ٢٠١٩ ملیۆنان خوێندکار لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهانەوە پشتگیری پەیامەکەی گرێتا بوون و ڕژانە سەر شەقامەکان و مانیان گرت، لە ژێر دروشمی ''هەینیه‌كان بۆ داهاتو''.

چالاکیە بەهێزەکەی ئەم خانمە بچوکە کاریگەریەکی ئێجگار زۆری لەسەر زۆرینه‌ی وڵاتان و دەسەڵاتدار و زاناکان هەبووە، ئێستا زۆربه‌ی خه‌ڵكی جیهان پاڵپشتێکی بەهێزی ئەم خانمە بچکۆلەیەن و شوێنکەوتویەکی ئێجگار زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لە هەموو وڵاتە جیاجیاکانی جیهانەوە، ئێستا بەتایبەت بانگهێشت ده‌کرێت بۆ کۆنفرانسە جیهانییەکان تا وتارە بەهێزەکانی پێشکەش بکات.

لە یەکێک لە وێنە سەرنج ڕاکێشەکانی ئەم خانمە  کاتێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٨ دەستیکرد بەچالاکیەکانی تەنیا خۆیەتی و داوای پاراستنی ژینگە دەکات، بەڵام لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ملیۆنان خۆپیشاندەر ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی جیهان و داواکاری پاراستنی ژینگە دەکەن.

گریتا، به‌وه‌ ناسراوه‌ شێوازی وتاردانی زۆر به‌هێزه‌ و شێوه‌ی ده‌ربڕینه‌كانی پڕن له‌سۆز و سه‌رنجی گوێگران و بینه‌ران راده‌كێشێت و له‌ زمانی سویدی و ئینگلیزی به‌شێوه‌یه‌كی ره‌وان وتار ده‌دات.

ئەم كچه‌ دەڵێت: کاتێک زانیت تۆ لەسەر هەقیت "هەرگیز وا هەست مەکە بچوکیت لەبەرامبەر گۆڕانکاریە گەورەكاندا''.

جگە لە چەندین وتەو چاوپێکەوتنە سەرنجڕاکێشەکانی کە بە سەختی داوادەکات خێزانەکەی و خەڵکی دوربکەونەوە لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ئاووهەوا و کەموکوڕی لە سروشتا وەکو گەشتکردن بە ئاسماندا و خواردنی گۆشتی ئاژەڵان و چه‌ندین هۆكاری دیكه‌.

دوای ئەوەی سەنبێرگ سەردانی واشنتۆن دەکات بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەیەکدا  بۆ پشتیوانی لە پاراستنی ژینگەو چالاکیەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، باراک ئۆباما،سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دەبینێت، ئۆباما ستایشی ئەم خانمە دەکات و دەڵێت: "تۆ مەزنترین نوێنەری هەسارەکانیت".

گریتا له‌ په‌یامێكی ته‌له‌فیزیۆنیدا ئامۆژگاری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئەمریکا ده‌كات و ده‌ڵێت؛ "راستە کاردەکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکاریەکانی کەشو هەوا، بەڵام بەپێی پێویست نییە و هێشتا زۆر کاری دیکە هەیە دەبێت بیکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانەکان".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بانگمان مەکەن بۆ ئەوەی پێمان بڵێن ئێمە هاندەرێکی باشین. لەبری ئەوە کاری زۆرتر بکەن بۆ بەرەنگار بوونەوە، لەبری ئه‌وه‌ی گوێ لە من بگرن، گوێ بۆ زانایان بگرن، کاتێک دەربارەی داهاتوی هەسارەی زەوی دەدوێن. بە کردەوە بیسەلمێنن ئێوە دڵسۆزن".


له‌ په‌یامێكی دیكه‌ی كورتدا، دەڵێت: ''بوەستن لە خواردنی گۆشتی ئاژەڵەکان، بە نەمانی ئەوان زەوی زوتر لەناو دەچێت و جوانی سروشت تێکدەچێت، بوەستن لە بەکارهێنانی ئاژەڵەکان بۆ سوده‌ ئابوریەکانی خۆتان لە جلو بەرگ و ماددەکانی دیکە، له‌کاتێکدا سروشت دەتوانێت لە پێست و گۆشتی ئاژەڵەکان جوانترمان بداتێ، ئێمە بۆ ئەوان لەناوببەین" .
 
به‌ناوبانگترین وتاری گریتا، كه‌ وڵاتی به‌ریتانیا پێشكه‌شی كرد:

 

له‌م وتاره‌یدا كه‌ چالاكییه‌كی جیهانیی بوو بۆ پارێزگاریكردن له‌ به‌رگه‌ هه‌واو رێگرتن له‌ به‌رزتربونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمای گۆی زه‌ویی، گرێتا وتی: لە جیهاندا ئێستا زیاتر لەوەی هەوڵبدەن سروشت بپارێزن، بیر لە سودە کاتییەکانی خۆتان دەکەنەوە، زەوی بچوک دەکەنەوە، چۆن دوێرن خەونەکانی ئێمەی منداڵ لەناو ببەن؟ داهاتوی خەونەکانمان لەناودەچێت، بەهۆی سودە بازرگانییەکانی ئێوە، ئەگەر ئێوە بەردەوام دەبن لە بەکارهنانی سروشت، ئێمەی منداڵ لێتان خۆشنابین، داوا دەکەم هەموان بێنە سەر شەقامەکان و لە هەوڵی وەستانی ئێوەدابن، چێتر ئێوە دەبێت بوەستن لە کوشتنی خەونەکانی ئێمە".

ئەم چالاکیانەی گرێتا بە گرنگترین چالاکی زەوی دادەنرێت لەکاتێکا هەسارەی زەوی لەبەردەم هەڕەشەیەکی لەناوچونی به‌په‌له‌دایه‌.

بەتایبەت دوای سوتانی دارستانەکان و گەرمبونی به‌رگه‌هه‌وای زەوی و توانەوەی شاخە سەهۆڵیەکان و لەناوچونی ئاژەڵان و شێواندنی سروشت بۆ سودی ئابوری و سیاسی و گەشەپێدانی دەسەڵاتی وڵاتان.

3718 جار خوێندراوەتەوە