ڤیدیۆ... چیرۆکی خاوەنپێداویستییەکی تایبەت کە لە خوێندنگە وەرنەگیرا

KNN : Kurdish News Network
09:48 - 22/09/2019
کوردستان
+
-

 لەگەڵ كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكاندا، كێشەیەك ڕووبەڕووی زۆرێك لەو خێزانانە بوەوە كە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە، ئەویش وەرنەگرتنی منداڵەكانیانە لە خوێندنگە، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سلێمانی دەڵێت: هیچ قوتابخانەیەك ناتوانێت بە دایك و باوكی منداڵێكی خاوەن پێداویستی تایبەت بڵێت، كە منداڵەكەیان وەرناگیرێت لە خوێندنگە.

دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن ‌و كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، جیاواز بوو.

لەگەڵ كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكاندا، كێشەیەك ڕوبەڕوی زۆرێك لەو خێزانانە بوەوە كە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە، ئەویش وەرنەگرتنی منداڵەكانیانە لە خوێندنگە.

لاوی، نمونەی یەكێكە لەو منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی ئارەزوو دەكات وەك منداڵانی دیكە، جانتاكەی هەڵبگرێت و بچێتە هۆڵەكانی خوێندن، بە وتەی دایكی لاوی. ئەو كاتەی لاوی بردوەتە یەكێك لە قوتابخانەكان بۆ ئەوەی بیخاتە بەر خوێندن، بەڵام پێیان وتووە كە ناتوانن ئەو منداڵە وەربگرن، لەكاتێكدا توانای قسەكردن و نوسینیشی هەیە.

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سلێمانی دەڵێت: چەندینجار دایك و باوكانی ئەو منداڵانە چونەتە لایان‌و بۆ ئەو مەبەستە، هیچ قوتابخانەیەك ناتوانێت بە دایك و باوكی منداڵێكی خاوەن پێداویستی تایبەت بڵێت كە منداڵەكەیان وەرناگیرێت.

بۆ ئەو مەبەست، چوینە لای سەرپەرشتیاری پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت، ئەو نایشارێتەوە كە بە بەردەوامی و ساڵانە، ئەم كێشانە ڕووبەڕویان دەبنەوە‌و بەڵێنی ئەوەی پێداین كە لە یەكێك لە قوتابخانەكان، كاری وەرگرتن بۆ لاوی بكات.

بەپێی مادەی 9 لە یاسای 22ی ساڵی 2011 ، هەر كەسێك خاوەن پێداویستی تایبەتە، مافی فێربون و خوێندنی هەیە‌و نابێت كەمئەندامی ببێتە ڕێگر لەبەردەم وەرگرتنی لەهەر دەزگایەكی پەروەردەیی فێركردنی فەرمیی یان تایبەتدا.

1249 جار خوێندراوەتەوە