ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەكۆی دەنگ بە ئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی دادنووسەكانی ڕەت دەكاتەوە و داوا دەكات بە كێبڕكێ و كەمترین نرخ, ئەو كارە بدرێتە كۆمپانیاكان.
ڕێبوار ئەحمەد, سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی, بە KNNی ڕاگەیاند: لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەی 10ی ئەیلوولی ئەنجومەنەكەدا, كە تایبەت بوو بە فراوانتركردنی سنوری گوندی بێستانسوری گەورە, لە ناحیەی تانجەرۆ, لەسەر ڕاسپاردەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی تری سلێمانی, ئەنجومەن بڕیاری داوە بە زیادكردنی نزیكەی 20 دۆنم زەوی بۆ سەر سنوری گوندەكە.
وتیشی: تەوەری دوەمی دانیشتنەكە تایبەت بوە بە پرسی بەئەلیكترۆنیكردنی دادنووسەكان, ئەنجومەن بەتەواوی ئەو بابەتەی ڕەت كردوەتەوە, لەبەر ئەوەی ئەو گرێبەستەی بۆ كۆمپانیای دیاریكراو كراوە پێچەوانەی ڕێكاری یاساییە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەن و پارێزگا.
ئاماژەی بەوەش كرد, نووسراوێك لەوبارەوە دەدەنە پەرلەمان و لە هەمان كاتدا ئەنجومەن پێشنیاری كردوە ئەو پرسە بە زیادكردنی ئاشكرا و یاسایی و كێبڕكێ بدرێتە كۆمپانیا لەبەر ئەوەی كۆمپانیا هەیە بە تەنها سێ هەزار دینار ئەو كارە دەكات نەك 25 هەزار دینار.
3866 جار خوێندراوەتەوە