حەج پەیامی بەرزی یەزدانە تا مرۆڤەكان روحیان پاك بكەنەوە
گەلی كورد پابەندە بە ئەنجامدانی مەراسیمی حەج بە جوانترین شێوە
حەج كۆبوونەوەی هەموو نەتەوە مسوڵمانەكانی جیهانە لە كەعبەی پیرۆز
بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەكێكە لە پێنج پایە سەرەكییەكەی ئاینی ئیسلام، كە لەسەر مسوڵمانان فەرزكراوەو پێویستە هەر كەسێك لە تەمەنیدا، یەكجار ئەو ئەركە ئاینییە جێبەجێ بكات ئەگەر توانای جەستەیی و مادیی هەبوو. حەج پەیامی بەرزی یەزدانە تا مرۆڤەكان روحیان پاك بكەنەوەو خۆیان لە خودای گەورە نزیك بكەنەوەو دڵ و دەرونیان ئارام بكەنەوەو لە كاری خراپ دور بكەونەوەو ئاوڕ لە هەژران بدەنەوە. گەلی كوردیش بەجوانترین شێوە، پابەندە بە مەراسیمی حەج و ڕیوڕەسمەكانی ئەو ئەركە ئاینییەوە.
هەموو مرۆڤێكی مسوڵمان خاوەن باوەڕ، خەونی ئەنجامدانی حەجی هەیە، تاكو شاد بێت بە ماڵی خودا و دڵ و دەرونی تێر بێت لە باوەڕی پتەو و نزیكبوونەوە لە یەزدانی مەزنو حەج بكاتە دەرفەتێك بۆ لێخۆشبون لەتاوان و گوناهـ.
حەج یەكێكە لە پێنج پایە سەرەكییەكەی ئاینی ئیسلامو ئەو ئەركە ئاینییە كە لە سەر موسڵمانان پێویست كراوەو لەتەمەنی هەر كەسێكدا دەبێت یەكجار سەردانی ماڵی خودا بكات لە شاری مەككەی پیرۆز ئەگەر توانای هەبوو.
مەككە شارێكی پیرۆزە لای مسوڵمانان و كەوتۆتە خۆرئاوای سعودیەو كەعبەی پیرۆزی لێیە، موسڵمانان وەك روگەی نوێژەكانیان بەكاری دەهێنن و رووی تێدەكەن.
شاری مەككە 400 كیلۆمەتر لەشاری مەدینەوە دورەو كەوتۆتە سەر دەریای سور، ئەم شارە بەدرێژایی مێژوو شارێكی پیرۆز بووە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بایەخی گەورەی هەبووە.
یەكەمجار حەرزەتی ئیبراهیم، كە بە باوكی پێغەمبەران ناسراوە، كەعبەی دروستكردوەو كردویەتی بەشوێنی پیرۆز، لەپاش ئەوەیش وەك شوێنێكی گرنگ بۆ بت پەرستەكان ماوەتەوەو بایەخیان پێداوە، هەر تیرەو بتی خۆی بردۆتە ئەو شوێنەو لەكاتی دیاریكراودا سەردانیان كردوەو سوجدەیان بۆ بردووە.
لەگەڵ هاتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، بتەكان لابراون و بایەخ و گرنگی كەعبە و شاری مەككە، گەڕێندرایەوە بۆ رەسەنایەتی شوێنی یەكتا پەرستی.
خودای گەورە فەرمانی بە حەزرەتی ئیبراهیم كردوە، بانگی خەڵك بكات بۆ سەردانیكردنی ئەو شوێنە پیرۆزە، لەو كاتەوە ئەو شوێنە بۆتە شوێنگەی كۆبوونەوەی هەموو موسڵمانانی جیهان و ساڵانە مەراسیمی حەج تیایدا ئەنجامدەدرێت.
هەموو ساڵێك لە مانگی زیلحیجە، موسڵمانان چاوەڕێی رۆژێكی پیرۆز دەكەن كە ئەنجامدانی فەریزەی حەجە لە مەككەی پیرۆز.
حەج، واتە سەردانیكردنی كەعبەی پیرۆز و وەستان لەكێوی عەرەفە دێت لە 9ی مانگی زیلحیجە.
حەج، واتە نزیكبوونەوە لەخودای گەورەو دوركەوتنەوە لەكاری خراپ و پاكبونەوە دێت..
حەج، یەكێكە لە پایەكانی ئاینی ئیسلام و لە ساڵی شەشەمی كۆچی لەسەر موسڵمانان فەرزكراوە، بەپێ توانا.
خودای گەورە لە سورەتی ئالی عیمران تایبەت بەحەج دەفەرموێت، (ولله علی الناس حج البیت من استتاع الیه سبیلا ومن كفر فان الله غنی عن العالمین) واتە حەجی مالی خوا فەرزی خوایە لەسەر باوەڕداران، بەمەرجێك، توانای مادی و جەستەیی هەبێت، ئەوەی باوەڕی بەوە نییە، حەق داپۆشەو بابزانێت خودا بێ نیازە لە هەموو خەڵكان و پێویستی بەچاكەو پەرستنی كەس نییە.
مەراسیمی حەج لە شاری مەككە بەڕێوەدەچێت، كاتێك موسڵمانان دەچنە سەر شاخی عەرەفە و رۆژی دواتر نوێژی جەژن دەكرێت و لەو رۆژەدا جەژنی قوربان دەستپێدەكات و تا چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و قوربانی دەكرێت و بەسەر هەژاراندا دابەشدەكرێت.
هەر كەسێك هەڵدەستێت بەئەنجامدانی فەریزەی حەج پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێت.
مەرجەكانی ئەو كەسەی دەچێت بۆ حەج؛
1- مسوڵمان بێت
2- ژیر بێت
3- باڵغ (پێگەیشتوو ) بێت
4- ئازاد بێت
5- توانای ( جەستەیی و مادی ) هەبێت
حەج كاریگەریی هەیە لەسەر تاك و كۆمەڵ، ئەو كاریگەرییانەش رەنگدانەوەیان دەبێت بۆ سەر ناخی تاك و ئاكاری كۆمەڵایەتی و مەبەستی گەورەو گرنگ بەدیدەهێنن.
مەبەستەكانی حەج؛
1- گۆڕینی شێوازی ژیان، ئارامكردنەوەی دڵ و دەروون و جێگیركردنی باوەڕ
2- دانیشتن و سازدانی كۆڕی ئیماندارانو بەسەربردنی كاتێكی سودبەخش
3- بیركردنەوە لە ژیانی هەژاران و هاوكاریكردنیان
4- بەهێزكردنی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی لەگەڵ خزم و دۆست و دراوسێ
5- بەجێهێنانی سیلەی رەحم بەرامبەر بە خزم و نەخۆش و خاوەن پرسە
6- سوپاسگوزاری یەزدانی مەزەن بۆ بەخششەكانی
بەپێی ئاینی ئیسلام، چەند ئەركێك لەسەر حاجی واجبە لەكاتی بەجێهێنانی مەراسیمەكانی حەجدا.
ئەركەكانی حاجی لە كەعبەی پیرۆز؛
1- ئیحرام پۆشین
2- رەجمكردنی شەیتان لە رۆژی جەژندا بە حەوت بەردی بچوك
3- شەو مانەوە لە موزدەلیفە
4- شەو مانەوە لە مینا ( لەشەوەكانی جەژندا )
5- خۆپاراستن لەو شتانەی كە بەهۆی ئیحرامەوە حەرامكراون لە حاجی
گەلی كورد وەك گەلێكی موسڵمان، ساڵانە لە هەموو پارچەكانی كوردستانەوە، روو لەشاری مەككەی پیرۆز دەكەن، بە مەبەستی ئەنجامدانی مەراسیمی حەج.
كۆبونەوەی هەموو نەتەوە موسڵمانەكانی جیهان لەمەككە، دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ نەتەوەكان بۆ ئاشنابوون بە زمان و كلتوری یەكتر، پردێكی بەهێزە، تا گەلان، پەیامەكانیان بگەیننە ئەوانیتر، بۆیە حەج چەندە، ئامانجی كەسی و روحییە، هیندەش كاری دیپلۆماسی و تێكەڵبوون و زانین و ئاشنابوونە بەگەلانی تر، پەیامی برایانەی نەتەوەكانە، دەكرێت وەكو كارێكی دیپلۆماسی گرنگ سەیر بكرێت..
2959 جار خوێندراوەتەوە