رێبوار ئەحمەد: بڕیاری قوباد تاڵەبانی بۆ دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی جێبەجێ ناكرێت

01:03 - 12/07/2019
کوردستان

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: بڕیاری دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پۆستەكەی جێبەجێ ناكرێت و بەردەوام دەبێت لە ئەركەكەی، ئەو بڕیارەش سەرپێچی یاسایی و سیاسیە.

رێبوار ئەحمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە KNNی راگەیاند: یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕوونی لە ماددەی شەشدا باسی كردووە، دانان‌و لادانی بەڕێوەبەرە گشتیەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە و بەدەنگی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت.

وتیشی: لادانی هەر بەڕێوەبەرێكی گشتی بەندە بە سێ‌ خاڵەوە، ئەوانیش بریتین لە دەست پیسی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی، بەفیڕۆدانی دارایی گشتی، هیچ یەكێك لە خاڵانەش لە مامۆستا دڵشاد عومەردا نەبووە.

ئاشكراشی كرد، ئەنجومەنی وەزیران لە بەڕێوەبەرە گشتیەكان بەرپرس نییەو دەسەڵاتی بڕیاری ئەنجومەی پارێزگاكانی نیە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران سەرپێچی یاسای كردووە، ئەو بڕیارە زیادەرۆیی كردنە سەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان.

هاوكات سەرپێچی سیاسیشە، لەبەر ئەوەی لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی كراوە و رێككەوتنەكەش بەردەوامە و هەڵنەوەشاوەتەوە. ئەو پۆستەش پشكی بزوتنەوەی گۆڕانە نەك یەكێتی.

5478 جار خوێندراوەتەوە