بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی داوا دەكات زیادەڕۆیی سەر شەقامەكان كۆتایی پێبهێنرێت

KNN : Kurdish News Network
07:25 - 11/07/2019
کوردستان
+
-

بەڕیوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی داوا لە خاوەنی سەرجەم ئەو چێشتخانەو ماركێت و پێشانگایانەی تابلۆی تایبەت بە خۆیان داناوە لەسەر شەقامەكاندا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت بە خۆیان لەماوەی یەك هەفتەدا سەرجەم ئەو تابلۆو ستونانە لابەرن.

لە راگەیەندراوێكدا، هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداریی پێشانگاو ماركێت و مۆڵەكان دەكاتەوە، كە شەقامەكان موڵكی گشتین و تایبەت نین بە هیچ شوێن و كەسێكەوە، هەر شەقامێك راگرتنی ئۆتۆمبێلی تیا قەدەغەكرابێت، ئەوا بۆ ئۆتۆمبێلی ئەو شوێنانەش قەدەغەیە و هەر شەقامێك راگرتنی ئۆتۆمبێل رێپێدراوبێت، ئەوا بۆ هەمووان رێپێدراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر بڕیارەكە جێبەجێ نەكه‌ن بەڕێوەبەرایەتیەكە خۆی هەموو ئەو تابلۆو ستونانە لادەبات، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و نەهێشتنی قەرەباڵغی سەر شەقامەكان.

1701 جار خوێندراوەتەوە