چین؛ كۆمپانیای هواوی دان بە كاریگەریی سزاكانی ئەمریكادا دەنێت

10:56 - 12/06/2019
زانستی

كۆمپانیای هواوی بۆ ماوەیەكی كاتی ڤێرژنی نوێی مۆبایلە زیرەكەكانی دوا دەخات

 

كۆمپانیای هواوی تەكنەلۆژی دان بە كاریگەریی سزاكانی ئەمریكادا دەنێت و بۆ ماوەیەكی كاتی ڤێرژنی نوێی مۆبایلە زیرەكەكانی دوا دەخات. 

پاش چەند هەفتەیەك لە توندبوونەوەی تەنگژە ئابوورییەكانی چین و ئەمریكا و، بڕیاری واشنتۆن بۆ دانانی 70 كۆمپانیای چینی لە ناو لیستی رەشی بازرگانی وڵاتەكەی، كە یەكێك لەوان كۆمپانیای هواوی چینییە، ئەو كۆمپانیایە دانی بە كاریگەریی ئەو سزایانەدا نا، بە تایبەت دوای ئەوەی چەند كۆمپانیایەكی گەورەی جیهانی رایانگەیاند: تا ئەو كاتەی سزاكان بەردەوام بن، كۆمپانیای هواوی ناتوانێت ئەپڵیكەیشنەكانیان لە مۆبایلەكانی داببەزێنێت.

كۆمپانیای هواوی تەكنۆلۆژی ئاماژەی نەكرد بۆ كەمی و زۆریی ئەو كاریگەرییانە و رایگەیاند: بۆ ماوەیەكی كاتی نمایشكردنی ڤێرژنی نوێی مۆبایلە زیرەكەكانی دوا دەخات.

رۆژی دووشەممەی رابردووش وەزیری خەزێنەی ئەمریكا رایگەیاند: پرسی سزاكانی سەر كۆمپانیای هواویی تەكنەلۆژی، پەیوەندییان بە ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریكاوە هەیە، بۆیە گەر واشنتۆن لەو بارەیەوە گرەنتی لە چین وەربگرێت و دانوستانەكان بەرەوپێش بچن، ئەوا دۆناڵد ترەمپ بەو سزایانەدا دەچێتەوە.

1454 جار خوێندراوەتەوە