شەپۆلێكی گەرما روو لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكات

09:28 - 09/06/2019
عێراق

عێراق؛ لە هەندێك ناوچە پلەی گەرما بۆ سەرووی 50 پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە


دەزگای كەشناسیی و بومەلەرزەزانی عێراق رایدەگەیەنێت: لە سبەینێ دووشەممەوە، شەپۆلێكی گەرما روو لە عێراق دەكات و  پلەی گەرما لە هەندێك ناوچەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بۆ سەروو ٥٠ پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە.

مەحمود عەبدوللەتیف، سەرۆكی دەزگای كەشناسیی عێراق، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە سبەینێ ڕۆژی دووشەممەوە لە ناوچەكانی ناوەراست و باشوری عێراق، بەرزترین پلەی گەرما تۆمار دەكرێت كە ٥١ بۆ ٥٢ پلەیە و تا ڕۆژی چوارشەممەش بەردەوام دەبێت بەتایبەتی لە ناوچەكانی بەسرە و خانەقین و عەمارە.

ڕاشیگەیاند: بەپێی مێژووی كەشوهەوای عێراق، ئەو شەپۆلی گەرمایەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەیە، تا ئێستا لە ڕابردوودا لەو ئاستەدا تۆمار نەكراوە.

سەرۆكی دەزگای كەشناسیی عێراق وتیشی: بەپێی وێستگەی بیلاسیرفیلی ئەمریكا، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا، چوار ناوچەی عێڕاق لە نێو ریزبەندیی بەرزترین پلەكانی گەرمای جیهان بوون، ئەوانیش ناوچەی حسێنە لە بەسرە، ٤٩ پلە سەدی، فڕۆكەخانەی بەسرە ٤٨ پلە، ناوچەی بەدرە لە واست ٤٧ پلە، شاری عەمارە ٤٧ پلەی سەدیان تۆماركردوە.

769 جار خوێندراوەتەوە