لە کۆتا رۆژەکانی مانگی ڕەمەزاندا و بە ھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، ھاوڵاتیان زیاتر لە کاتەکانی شەودا سەردانی بازاڕ دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکانی جەژن، بەڵام لە رۆژیشدا جەنجاڵییەکی زۆر و سیمای پێش جەژن بە بازاڕەوە دیارە.
داود مستەفا خاوەن دوکان لە بازاڕی قەیسەری، ئاماژەی بەوە کرد کە بە هۆی بوونی تاقیکردنەوەکانی قوتابیان، پێشبینی دەکەن کە بەرزبوونەوەی رێژەی گەشتیاران بکەوێتە دوای جەژن و وتی، رەمەزان لە شاری هەولێر زۆر خۆشە و جیاوازییەکی زۆری هەیە و کەشێکی تایبەتی هەیە، هەموو چین و توێژێک روو لە بازاڕ دەکەن و ئێستا بە هۆی وەرزی هاوینەوە، زیاتر هاووڵاتییان لە شەودا دێنە دەرەوە و تا درەنگانی شەو دەمێننەوە.
بەرگدروویەکیش ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک لە سەرەتای رەمەزانەوە ناچن بۆ درووینی جلوبەرگ و لەدوای نیوەی یەکەمی رەمەزانەوە دەچن ئەمەش فشارێکی زۆر دەخاتە سەر بەرگدرووەکان.
لەوبارەیەوە هیمداد بلباس دهڵێت، بەگشتی رەمەزانێکی خۆشە هەرچەندە بە هۆی کارکردنەوە بێتاقەت و ماندووبووین، بەڵام کەشی شاری هەولێر لە رەمەزاندا جیاوازە و خۆشە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بواری کارەکانماندا بەردەوام لە مانگی رەمەزاندا کێشەیەکمان هەیە ئەویش ئەوەیە خەڵک لە سەرەتای مانگی رەمەزان نایەن بۆ داواکارییەکانیان و دوای نیوەی یەکەمی مانگی رەمەزان، ئینجا خەڵک روو لە بازاڕ دەکەن و ئەمەش وا دەکات کە ببێتە هۆی ماندووبوونی زیاتری ئێمە.
یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی جەژن، بریتییە لە چەرەزات و بە گشتیش بەر لە جەژن هەموو ماڵێک چەرەزات دەکڕێت و یەکێک لە چەرەزات فرۆشەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر مووچە لە کاتی خۆیدا بدرێت ئەوا کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕ هەیە.
لەوبارەیەوە عەتا چاوشین وتی، جموجۆڵ لە بازاڕ باشە و ئەگەر موچە لەکاتی خۆیدا بدرێت ئەوا بازاڕ باشە و لەئێستاشدا خەڵک خۆی ئامادە دەکات، زیاتریش ئەوەی سەردانمان دەکات، عەرەبن.
1012 جار خوێندراوەتەوە