سەرۆكی ڕوسیا: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا لەئاستێكی باشدان

KNN : Kurdish News Network
07:14 - 15/05/2019
جیهان
+
-

مایك پۆمپیۆ: هەموو ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ویستویەتی بە بەرپرسانی ڕوسیام ڕاگەیاندوە
سێرگی لاڤرۆڤ: پێویستە ئەمریكا كێشەكانی لەگەڵ ئێران لەرێگەی سیاسییەوە چارەسەر بكات


ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی ڕوسیا، پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكا بە ئاستێكی باش لە قەڵەم دەدات و ئامادەیی خۆیشی بۆ بینینی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا دەردەبڕێت، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش دەڵێت: هەموو ئەوشتانەی سەرۆكی وڵاتەكەی ویستویەتی، بە بەرپرسانی ڕوسیای ڕاگەیاندوە، وەزیری دەرەوەی رووسیاش بە پێویستی دەزانێت، ئەمریكا كێشەكانی لەگەڵ ئێران، لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر بكات.

ئەگەر هەیە سەرەتای مانگی حوزەیران، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمیر پۆتنی سەرۆكی ڕوسیا، لە ژاپۆن یەك ببینن، ئەمە سەرەتای گفتوگۆی نێوان ڤلادیمیر پوتنی سەرۆكی ڕوسیا و مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكابوو، لە هاوینە هەواری سۆچی، پەیوەندییەكانی نێوان هەردولا و ئابوری و سیاسی گفتوگۆیان لە بارەوەكرا، هاوكات گفتوگۆ لەبارەی ئەو دەرفەت و زەمینە هاوبەشانەوە كرا، كە هەردوو وڵاتی ئەمریكا و ڕوسیا دەتوانن كاری تێدابكەن.

بارودۆخی سوریا و ئێران و كۆریای باكوور، یەكێكی تر بوو لە تەوەرەكانی گفتوگۆكانی نێوان پوتن و پۆمپیۆ، ڤلادیمیر پوتنی سەرۆكی ڕوسیا، ڕایگەیاند: ناكۆكییەكی زۆر لە نێوان ڕوسیا و ئەمریكادا هەیە، بەڵام هەردوولا دەتوانن بەسەر جیاوازییەكاندا زاڵ بن.
وتیشی: پێویستە، مۆسكۆ و واشنتۆن پەیوەندییەكانیان لە ئاستێكی جێگیردا بهێڵنەوە ناكۆكیەكان لەبەرژەوەندی كەسدا نییە.

پێش پوتن، مایك پۆمپیۆی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا كۆبونەوە، كۆبونەوەكە زیاتر لە چەند كاتژمێرێكی خایاند، گفتوگۆیان لەبارەی لەبارەی زۆر شتەوە كرد، ئەو شتانەی كە هەردو وڵات دژ و هاوكات ڕێككەوتون لەسەری‌و لەبارەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوانیشیان.

مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، هەموو ئەو شتانەی كە دۆناڵد ترامپ ویستویەتی، گفتوگۆیان لە بارەوە كراوە. لای خۆیەوە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، پێویستە ئەمریكا ئەو دۆخەی لەگەڵ ئێران تێیكەوتووە تەنها لەرێگەی سیاسییەوە چارەسەری بكات.

ئەم یەكتربینینەی مایك پۆمپیۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن‌وسێرگی لاڤرۆڤ، هەنگاوێكی باشە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ڕوسیا، هاوكات ڤلادیمیر پوتنی سەرۆكی ڕوسیا، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بینینی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، كە پێدەچێت، یەكتربینینەكەیان لە ژاپۆن بێت، واتە ئێستە تۆپەكە لە قاچی كۆشكی سپیدایە، ئایا ترەمپ ئامادەی بینینی پوتن دەبێت، یاخود نا؟

890 جار خوێندراوەتەوە