عەلی خامنەیی: دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكا ناكەین
عەلی خامنەیی: ئەمریكا دەزانێت دەدۆڕێت بۆیە جەنگ ناكات
رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت: جەنگ لەگەڵ ئەمریكادا، ڕوو نادات، بەرگرییش تاكە بژاردەی گەلی ئێرانەو ڕەتیشی كردەوە، هیچ دانوستانێك لەگەڵ واشنتۆندا بكەن..
عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە میانی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك لە لێپرسراوانی باڵای وڵاتەكەی رایگەیاند: تاكە بژاردەی گەلی ئێران لە بەرامبەر فشارەكانی ئەمریكا، بەرگرییە، جەنگی ئێستاش جەنگی ئیرادەیە كە لە كۆتاییدا ئێرانییەكان سەردەكەون.
راشیگەیاند: ئێران، هەوڵی بەرپاكردنی جەنگ ناداتو بە هەمان شێوە ئەمریكا نایەوێت شەڕ ڕووبدات، چونكە تێدەگات شەڕكردن لە بەرژەوەندیی نییە.
وتیشی: سەركردایەتی ئێران ڕەتی دەكاتەوە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریكادا بكات سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی وڵاتەكەی.
لە كۆتایی وتەكانیدا، خامنەیی جەختی كردەوە، ئێران خاوەنی قوڵاییەكی ستراتیژی گرنگە لە ناوچەكەدا و بە هیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ناكات، ئاشكراشە هەر كەسێك بە دەنگی بەرز هەڕەشە بكات، هێزی ئەوەی نییە هەڕەشەكانی جێبەجێ بكات.
ئەو لێدوانانەی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران كاتێكدایە، ماوەی هەفتەیەكە ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن ئاڵۆزتر بوون پێیان ناوەتە قۆناغێكی نوێوە و هەردوولا هەڕەشە لە یەكتری دەكەن.
1025 جار خوێندراوەتەوە