سەیدسادق؛ كەسێك بەهۆی كێشەی زەوی و زارەوە كوژرا
خورماتوو؛ هاوڵاتییەك لەناو كارگەیەكی دروستكردنی بلۆك كوژرا
لە دوو روداوی جیادا لە سەید سادق و دوزخورماتوو، بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی و زەوی و زار دوو كەس كوژران.
قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق بڵاویكردوەتەوە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە، لە گوندی دۆڵاشی سەر بەقەزای سەیدسادق، بەهۆی كێشەی نێوان دوو بنەماڵەوە لەسەر زەوی وزاری كشتووكاڵی كەسێك بە ناوی (ابراهیم احمد فتاح ) تەمەن ٥٦ ساڵ كوژراوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لەدوای روداوەكە دەست بەجێ هێزە ئەمنیەكان لە بەڕێوەبەرێتی بەشی پۆلیسی سیدسادق و یاریدەدەرێتی ئاسایش گەشتنە شوێنی ڕووداوەكە و توانرا تۆمەتباری ڕووداوەكە دەستگیربكەن و ڕادەستی دادگای بكەن.
هاوكات حسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی دوزخورماتوو بە KNN ی راگەیاند، دوو چەكداری دەمامكدرا ماتۆڕسكیلێكیان پێبووە چونەتە ناو كارگەیەكی دروستكردنی بلۆك لە ناحیەی سلێمان بەگی سەر بەقەزای دوزخورماتوو و كەسێكیان بەناوی نەجات محەمەد رەشید تەمەن 50 ساڵ كوشتوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، كەسوكاری كوژراوەكە سكاڵایان لەسەر سێ كەس تۆماركردووە و پێیان راگەیاندون كە كێشەی كۆمەڵایەتیان هەیە.
751 جار خوێندراوەتەوە