كەریم بنزیمەی فەرەنسی لە بەدەستهێنانی خەڵاتە تاكە كەسیەكانی بەردەوامەو ئەمجارەیان بە باشترین یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید دیاریكرا.
لەسەر سایتی فەرمی یانەی ریاڵ مەدرید بڵاوكراوەتەوە، لە ڕێگەی دەنگدانێكی كراوەوە باشترین یاریزانی مانگی رابردووی تیپەكەیان دیاریكردوەو كەریم بنزیمەش خەڵاتەكەی بەدەستهێناوە.
یانەی ریاڵ مەدرید ئەوەشی ئاشكراكردوە، بنزیمە بە شایستەیی ئەو خەڵاتی بەدەستهێناوەو پێش هەریەكە لە گاریس بەیڵو تۆنی كروسو لۆكا مۆدریچ كەوتوە، چونكە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئەنجامە باشەكانی یانەكەدا هەبووە.
بەوەش كەریم بنزیمە لەم وەرزە بۆ جاری دوەم توانی خەڵاتی باشترین یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید بەدەستبهێنێت كە بۆ یەكەمجارو لەم وەرزەدا لەمانگی یانزەی رابردوو خەڵاتەكەی بردەوە.
كەریم بنزیمە لە مانگی رابردوودا لە كۆی 9 یاریی ریاڵ مەدرید لە هەشت یاریدا بەشداریكردو 6 گۆڵیشی تۆماركرد، لەم مانگەشدا بەئاستێكی بەرزەوە دەركەوتوەو دواهەمین گۆڵیشی لە تۆڕی گۆڵی یانەی ئەیاكس بوو لە چامپیۆنس لیگ.
694 جار خوێندراوەتەوە