نێچیرڤان بارزانی: جێبەجێکردنی دەستوور کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقە

KNN : Kurdish News Network
11:40 - 17/09/2026
کوردستان
+
-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت؛ بەهێزیی عێراق بەهێزیی هەرێمی کوردستانە و جێبەجێکردنی دەستووریش کلیلی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانە.

 

لە میانی وتارێکیدا لە لوتکەی سلێمانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پێویست بە ڕێککەوتنی نوێ ناکات، چونکە دەستوور ڕێککەوتنێکی هەمیشەییە، بەڵام تا ئێستا وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە. وتیشی: "ئەگەر لە سەرەتاوە پابەندی دەستوور بووینایە، عێراق سەقامگیرتر و پێشکەوتووتر دەبوو".

 

نێچیرڤان بارزانی ڕوونیکردەوە کە فیدراڵی سەرچاوەی هێزە، ئەگەر عێراق جێبەجێی بکات دەبێتە بەهێزترین وڵاتی ناوچەکە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراقی فیدراڵی و بەغدا قووڵایی ستراتیژیی هەرێمە، بۆیە دەبێت بەهێزیی هەرێمی کوردستانیش وەک سەرچاوەی هێز بۆ ناوچەکانی تری عێراق سەیر بکرێت. لەم سۆنگەیەشەوە داوای کرد کە پرسەکانی بودجە، مووچە، نەوت و دەسەڵاتەکان چارەسەری ڕیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە.

 

لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێم هۆشداری دا لەوەی عێراقێکیان ناوێت کە تێیدا هەر پێکهاتەیەک پەنا بۆ هێز و ژمارە ببات، بەڵکو عێراقێکیان دەوێت کە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانج ئەوە نییە بەغدا بەسەر هەرێمدا، یان هەرێم بەسەر بەغدادا سەربکەوێت، بەڵکو دەبێت عێراق و دەستوور سەربکەون و ڕایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان بهێنین و دەست بە چارەسەرکردنیان بکەین".

72 جار خوێندراوەتەوە