ئەمریكا چەندین بنكەی سەربازیی گەورە لە عێراقدا دروست دەكات

10:22 - 04/02/2019
عێراق

ئێران بنكەیەكەی سەربازیی گەورەی لەسەر سنوری باشووری كوردستان دروست كردوە
ئێران: رێگە نادەین خاكی دراوسێكانمان بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتەكەمان بەكار بهێنرێت

رێگریكردن لە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە و دروستكردنی بنكەی سەربازیی گەورەی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەگەری زۆری بۆ بەكارهێنانی خاكی عێراق هەیە لە رووبەرووبونەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ئێران. چاودێرانیش  پێیان وایە، هەر رووبەرووبونەوەیەك لەخاكی عێراقدا لە لایەن ئەو دوو وڵاتەوە رووبدات، كێشەی گەورە بۆ عێراق دروست دەكات..

بەرەبەیانی رۆژی دووی مانگ لە ناو شاری موسڵ ، دوای 10 ساڵ لە بوونی راستەوخۆی سەربازیی ئەمریكا و ئێران لە خاكی عێراقدا، یەكەمین رووبەرووبونەوە لەنێوان حەشدی شەعبی و هێزەكانی ئەمریكا روویدا، ئەمەش وەك سەرەتایەك بۆ رووبەروو بونەوەی ئێران ‌و ئەمریكا لە ناوخاكی عێراقدا دادەنرێت..

چاودێرانی دۆخەكە باس لەوە دەكەن، ئەم روو بەرووبونەوەیەی چەكدارانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی ئەمریكا لە شاری موسڵ، سەرەتایەكە بۆ رووبەرووبونەوەی ئەمریكا و ئێران لە رووی سەربازیەوە ، ئەوەش لە كاتێكدایە هەفتەی پێشوو  لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە زانیاری گەیەنرایە هێزەكانی عێراق كە چەند موشەكێك ئامادەكراون بۆ ئەوەی بەرەو بنكەی سەربازی عەین ئەسەدی ئەمریكا  بتەقێنرێن، بەڵام موشەكەكان پوچەڵ كرانەوە و دواتر زانرا كە موشەكەكان لە جۆری بالیستیی ئێرانین.

رێگریگردن لە هێزەكانی ئەمریكا لە لایەن حەشدی شەعبیەوە ، زۆر بەزویی گەیشتە سەرۆكایەتی ئەمریكا و  كۆشكی سپی، حكومەتی عێراقی ئاگادار كردەوە كە حەشدی شەعبی واز لەوكارە بهێنێت و هیچ رێگرییەك لە بەردەم هێزەكانی ئەمركیا دروست نەكەن و ئاگادار بكرێنەوە  كە نابێـت ئاستەنگ بۆ  هێزەكانی ئەرمریكا دروست بكەن ..

ئێستا چەند گروپێكی سەربازیی شیعە  وەك سەرایا سەلام و حەشدی شەعبی  لە ناو سوپای عێراقدا بە یاسایی كراون و فەرمان لە سەركردە شیعەكان وەردەگرن و راهێنانی سەربازی و چەكی پێشكەوتو و ناوچەی ستراتیژیی گەورەیان لە ژێر دەستدایە و لە شەری دژی داعشدا رۆڵیان هەبوە.

بەرپرسانی پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، نیگەرانیی خۆیان لەبارەی ئەم هێزە شیعانەوە دەربریوە و دەڵێن: بۆ ئەوەی عێراق لە هەژمونی ئێران و هەروەها شەڕی تایفی بپارێزرێت، پێویستە چەك لە سەرجەم میلیشیاكان بسەنرێتەوە و لە بەرامبەردا سوپای عێراق شوێنی ئەوهێزانە بگرێتەوە.

راپۆرتەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا باس لەوەدەكەن، پێدەچێت ئێران لە رێگەی ئەو هێزانەوە، دژی سوپای ئەمریكا بوەستێتەوە و بەربەست لە بەرامبەر هێزەكانیان دروست بكەن لە دروستكرنی بنكەی سەربازیەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا ، ئەوەش لەكاتێكدایە ترەمپ رایگەیاند، هێزێكی تۆكمەی ئەمریكا لە عێراقدایە بۆ چاودێریكردنی جموجۆڵەسەربازیەكانی ئێران لە ناوچەكەدا. 

لەلایەكی تریشەوە، ئێران رایگەیاندبوو كە داوایان لە عێراق كردوە، رێگەنەدەن خاكەكەیان بۆ هێرشكردنە سەردراوسێكانیان بەكار بهێنریت، چونكە ئەم كارە باجی قورسی هەیە و هەرگیز سوپای پاسداران قبوڵی هیچ هەڕەشەیەكی زایۆنی و ئەمریكی لەسەر وڵاتەكەی ناكات.

ئەم لێدوانانە لەكاتێكدایە، ئەمریكا لە عێراق سەرقاڵی دروستكردنی چەندین بنكەی سەربازیی گەورەیەو لە چەند ناوچەیەك بنكەی موشەكی و چەكی قورس دروست كراوە ، ئێرانیش لە ناوچەكانی سەرسنوری هەرێمی كوردستان بنكەیەكی سەربازی دروست كردوە كە لەتوانایدا هەیە موشەكی بالیستی فرۆكەی گەورە وەربگرێت.

بەشێك لە چاودێران دەڵێن: پێدەچێت عێراق ببێتە بەشێك لە خاڵی رووبەروو بونەوەی ئەمریكا و ئێران، ئەمەش بەشێك لە ماڵوێرانی و ئالۆزی ئابوری سیاسی لە عێراقدا دروست دەكات و ئەگەرێك دەبێت بۆ بەهێزبونی گروپە توندرەو چەكدارەكان ‌و سەرهەڵدانی چەندین شەر لەعێراق.

1735 جار خوێندراوەتەوە