ناكۆكی لایەنەكانی عێراق لەسەر پۆستەكانی ناوخۆ‌و بەرگری ‌و داد بەردەوامە

KNN : Kurdish News Network
08:03 - 09/01/2019
عێراق
+
-

رۆژی پێنجشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە
دەوڵەتی یاسا: باشترە پرسی كابینە وەزارییەكە لەپەرلەمان یەكلابكرێتەوە
سائیرون: تەواونەكردنی حكومەت پەرلەمان‌و حكومەتی ئیفلیج كردووە 


زیاتر لەدوو مانگە بەهۆی مشتومڕی لایەنە سیاسیەكان لەسەر پشكی خۆیان لەكابینە وەزارییەكەی عادل عەبدلمەهدی. حكومەتی نوێی عیراق تەواونەكراوەو نەكەوتوەتە سەر رێچكەی كارەكانی. 

ئەوەش كاریگەریی هەبوە لەسەر ئیفلیج كردنی ئەداو كاری ئەنجومەنی نوێنەران بە پلەی یەكەم و دواتریش حكومەت. هەرچەندە بڕیارە سبەینێ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت. بەڵام نازانرێت ئایا ئەو پرسە یەكلا دەكرێتەوەو دوادەخرێت, یان نا. 

ماوەی ئەو 100 رۆژەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق داینابوو بۆ خستنەڕووی كارنامە وەزارییەكەی و هەڵسەنگاندنی نزیك بوەتەوە لەتەواو بوون. بەڵام بەهۆی ناكۆكیی سیاسی دوو جەمسەرە گەورەكەی شیعە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ و سونەكانیش لەسەر وەزارەتی بەرگری و یەكێتی و پارتیش لەسەر وەزارەتی داد، تائێستا كابینە وەزارییەكەی تەواو نەكراوە. 

رۆژی پێنجشەممە 10ی كانونی دووەم جارێكی دیكە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجام دەدرێت. چاوەڕوان دەكرێت لەو دانیشتنەدا پرسی تەواوكردنی كابینە وەزارییەكە یەكلایی بكرێتەوە. هەر چەندە قسەی جیاواز لەسەر ئەو پرسە هەیە. 

ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالكی كەپێكهاتەیەكی سەرەكیی هاوپەیمانیی بونیاتنانە پێی باشە پرسی تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەی عەبدولمەهدی ببرێتە نێو ئەنجومەنی نوێنەران و لەوێ پەرلەمانتاران بەدەنگدان یەكلایی بكەنەوە. چونكە لایەنە سیاسیەكانی شیعەو سونەو كورد ناكۆكیی توندیان لەسەر كاندیدی هەر سێ وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و داد هەیەو ناگەنە رێككەوتن. ئەو پرسەش زۆری خایاندوەو زیاتر لەدوو مانگی تێپەڕاندوە. 

هاوپەیمانیی سائیرون پێی وایە تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەی عەبدولمەهدی زۆر دواكەوتوە. ئەوەش كاریگەریی هەبوە لەسەر  رۆڵ و كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەت. 

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە پرسی كابینە وەزارییەكەی عەبدولمەهدی لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا بەتایبەتیی دوو جەمسەرە گەورەكەی شیعە بنیاتنان و چاكسازیی. دواتر سونەكان و یەكێتی و پارتیش كەسێبەری دوو جەمسەرە گەورەكەی شیعەیان بەسەرەوەیە. 

بوەتە شكاندنی ئیرادەو جۆرێك لەخۆسەپاندن و دەست شكانەوە. هەر بۆیە ناگەنە رێككەوتن لەسەر ئەو سێ وەزارەتەی ماوە لەكابینە وەزارییەكەی عەبدولمەهدی حكومەت تەواو ناكرێ و ناكەوێتە سەر رێچكەی خۆی.

421 جار خوێندراوەتەوە