نەبونی پشتیوانی پەرلەمانی گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم سەرۆك وەزیرانی عێراقدا

05:14 - 06/12/2018
عێراق

بێ‌ پشتیوانی فراكسیۆنەكان رەنگە كێشەی زۆر بۆ حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دروست بكرێت
ئەگەر كێشەكان بەردەوام بێت ئەگەر زۆرە عادل عەبدولمەهدی دەست لەكاربكێشێتەوە
جیاواز لەهەموو سیاسییەكانی تری عێراق عەبدولمەهدی دوو جار بەخواستی خۆی دەستیلەكاركێشاوەتەوە


سەرەرای  ئەوەی لەسەرەتای دەستبەكاربونی وەكو سەرۆكوەزیرانی عێراق دا زۆربەی لایەنە كان پشتیوانیان بۆ عادل عەبدولمەهدی  دەردەبڕی، بەڵام دانیشتنەكەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی نوێنەران دەریخست حكومەتەكەی عەبدلمەهدی پشتیوانێكی راستەقینەی نییە‌و ئەوەش رەنگە ببێتە گەورەترین لەمبەر لەبەردەم كارەكانی حكومەتەكەی، ئەو بێ‌ پشتیوانیەش رەنگە لە قۆناغی داهاتودا كێشەی گەورەی بۆ دروست بكەن و بەدور نازانرێت سەرۆك وەزیران ناچارببێت دەست لەكاربكێشێتەوە.

رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسیەكانی عێراق لەسەر پێكهێنانی فراكسیۆنی زۆرینە و دیاریكردنی كاندیدێكی بێلایەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەستێرەی بەختی عادل عەبدولمەهدی درەوشاندەوە و جارێكی تر كردیەوە بە ژمارەیەكی دیار لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، بێ‌ ئەوەی هیچ پشتیوانیەكی ئاشكرای لێ بكرێت لەلایەن هێز سیاسیەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بەڵام گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی سیاسی بە بەهێزی زۆری نەخایاند، چونكە كابینەكەی روبەروی ئاڵنگاری بوەتەوە، بەجۆرێك تا ئێستا 8 پۆستی وەزاری كابینەكەی بە هۆی ناكۆكی لایەنە سیاسیەكانەوە بەبەتاڵی ماونەتەوە.

رووداو وپێشهاتەكانی دوومانگی رابردوو ئاماژەن بۆ ئەوەی، بە بەروارد بە سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوی عێراق، بەرێوەبردنی ئەو پۆستە بۆ عادل عەبدولمەهدی، ئاسان نابێت ئەوەش بەو پێیەی هیچ پشتیوانیەكی پەرلەمانی نیە و هیچ فراكسیۆنێكی پەرلەمان پشتیوانی لێ ناكات، ئەو بێ‌ پشتیوانیەش لە دانیشتنەكەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی نوێنەراندا بەتەواوی رەنگی دایەوە كاتێك بەهۆی تەواو نەكردنی رێژەی یاساییەوە، نەتوانرا متمانە بە كاندیدی 8 پۆستە وەزارییەكەی كابینەكەی بدرێت، بەر لە هەموو لایەنەكان فراكسیۆنی سائیرون بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردو پشتیان لەعەبدولمەهدی تێكرد،لەكاتێكدا پێشتر سەرسەختانە پشتیوانیان لە كاندیدكردنی دەكرد بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

ئەگەر لەم قۆناغەی حوكمرانی عێراق، پەیوەندی عادل عەبدولمەهدی و ئەنجومەنی نوێنەران گۆرانكاریی بەسەردا نەیەت و عادل عەبدولمەهدی پشتیوانی لایەنێك یان چەند لایەنێكی ناو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ خۆی مسۆگەر نەكات، ئەوا روبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە و رەنگە لەكارەكەیدا شكستبهێنێت، چونكە لەغیابی پشتیوانی ئەنجومەنی نوێنەراندا لایەنە سیاسیەكان دەتوانن بەئاسانی لە رێی فراكسۆنەكانیانەوە كێشە بۆ خودی خۆی و كابینەكەی دروست بكەن.

ئەزموونی كاركردنی عادل عەبدولمەهدی، لە عێراقی نوێدا جیاوازە لە تەواوی بەرپرسانی دیكەی عێراق، چونكە دووجارو لە دوو پۆستی گرنگدا بەخواستی خۆی دەستی لە كاركێشاوەتەوە، پاش 17 رۆژیش لە دەستبەكاربونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران هەرەشەی دەست لەكاركێشانەوەی كرد، ئەگەر بێت و بەربەستەكانی بەردەم كابینەكەی زۆر بێت، لەسەر بنەمای ئەو لێدوانەش دەست لەكاركێشانەوەی لەم قۆناغەدا بە دوور نازانرێت، چونكە پڕكردنەی پۆستە وەزارییەكان بە گشتی و پۆستە ئەمنیەكان  بەتایبەتی بونەتە بەربەست  لەبەردەم كاركردنی كابینەكەی.

155 جار خوێندراوەتەوە