كۆرۆنا په‌تایه‌كی بایۆلۆجی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی جیهانیه،
ئاسه‌وارو ده‌رهاویشته‌ی جۆراوجۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه، ئێستا نزیكه‌ی (11)یازده
مانگ به‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌یدا تێده‌په‌ڕیت، كه بۆ یه‌كه‌مجار له رۆژی 29/12/2019
له شاری وهان ناوه‌ندی پارێزگای هوبی له چین دۆزرایه‌وه و به خێراییه‌كی چاوه‌ڕوان
نه‌كراو به (119) وڵات و هه‌رێمی ئه‌م جیهانه‌دا بڵاوبوه‌وه ، به‌م هۆیه‌شه‌وه،
نزیكه‌ی چوار مانگ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له رۆژی
11/ئاداری / 2019 به په‌تایه‌كی جیهانیی وه‌سف كرد .
ئه‌گه‌رچی له ماوه‌ی رابردودا میكانیزمه‌كانی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی
ئه‌م په‌تا جیهانیه له هه‌موو وڵاتاندا وه‌كو یه‌ك و به یه‌ك شێوه نه‌بوو، به‌ڵام
له نێوان هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی نیشانه‌كانی توشبوونیان تیدا به‌ده‌ركه‌وت
،كۆمه‌ڵێك رێوشوین و كارڕایی و هه‌نگاوی وه‌كو یه‌ك له به‌رنامه و نه‌خشه‌كانی
به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌یاندا هه‌بوو، هه‌ندێك له‌و میكانیزمه هاوشێوه و لهیهكچووانه
كه هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان له‌سه‌ره‌تادا پهیرهوهیان كرد بریتی بوون له سه‌پاندنی
قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆو داخستنی سنوره‌كان و راگرتنی كاتیی ده‌وام و رێگری له بۆنه‌و
چالاكیه گشتیه‌كان و ناچاركردنی هاوڵاتیان به ته‌نیایی و دابرانی كۆمه‌لایه‌تی و
به‌كارهێنانی هه‌ندێك كه‌ره‌سته‌ی خۆپارێزی وه‌كو ده‌مامك و ده‌ستكێش و خاوێنكهرهوهو
...هتد
دواتر له به‌رده‌وامی و درێژه‌كێشانی دۆخی نه‌خۆشیه‌كه‌دا،
هه‌ندێك له‌و رێوشوێن و میكانیزمانه وه‌كو كردنه‌وه‌ی سنوره‌كان و هاتوچۆ و سه‌فه‌ركردن
و ده‌وام و كۆبونه‌وه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌رداهات، ئه‌گه‌ر به‌هۆی ناچاری پێداویستیه‌كانی
ژیانی رۆژانه بێت یان باشتربوونی ره‌وشی ته‌ندروستی له هه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌دا،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌موو كۆمه‌ڵگاكاندا تا راده‌یه‌ك ماوه‌ته‌وه و به‌رده‌وامی
هه‌یه له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ، له پاڵ به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌كانی خۆپارێزیدا،
بریتیه له دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی (العزله الاجتماعیه) یان (Social Isolation)، كه زیاتر په‌یوه‌ندی به ژیانی تایبه‌تی تاكه‌كانه‌وه
هه‌یه.
دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی بریتیه له گۆشه‌گیری و خۆپارێزی
له‌به‌ریه‌ك كه‌وتن و خۆلادان له تیكه‌ڵاوبوون به‌وانی دیكه، هه‌ڵبژاردنی ته‌نیایی
و دروستبوونی روانگه و دیدگایه‌كی نه‌رێنی به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ژینگه
كۆمهڵایهتیهكهدا ده‌ژین، به مه‌رج زانینی دووركه‌وتنه‌وه له‌وانیتر بۆ ته‌ندروستی
و مانه‌وه‌ی خود.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگای سه‌رنج و تێرامانه، ئه‌م رێگایه
بۆ خۆپارێزی پێچه‌وانه‌و دژ به سروشتی مرۆییه، چونكه مرۆڤ به سروشت بوونه‌وه‌رێكی
كۆمه‌ڵایه‌تیه ،(ئیبن خه‌لدون)نزیكه‌ی شه‌ش سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له كتێبه‌كه‌یدا
(پێشه‌كی)وایگوتوه، مرۆڤ مه‌یلێكی فیتری هه‌یه بۆ به كۆمهڵبون و فرچكی به ژیانی
ناو كۆمه‌ڵگاوه گرتوه، خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی وه‌كو مرۆڤ ته‌نیا له ناو
كۆمه‌ڵگادا دروست ده‌بن، له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا مرۆڤ ده‌بێته یه‌كێك له دڕنده و ئاژه‌ڵه كێویه‌كان و سیفه‌تی مرۆڤ بوون له
ده‌ست ده‌دات.
دابڕان و له یه‌ك دوور كه‌وتنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان دژی پرۆسه‌ی
به كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی مرۆڤه، ژیانی ئاسایی و سروشتی مرۆڤ ناو كۆمهڵگاو گه‌رموگوڕی
په‌یوه‌ندیه‌كانی مرۆڤه له‌گه‌ڵ یه‌ك ،چونكه مرۆڤ ته‌نیا بونه‌وه‌رێكی بایۆلۆژی
نیه به‌ڵكو كۆمه‌ڵایه‌تیشه.
نزیكه‌ی دوو سه‌د ساڵه له رۆژئاوا به شێوه‌یه‌كی
زانستی توێژینه‌وه‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و پرۆسه‌ی به كۆمه‌ڵایه‌تی كردن و دابڕان و نا كۆمه‌ڵایه‌تی
(سۆسیۆپاتی) و...هتد ده‌كرێت، به سه‌دان زانا و بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی وه‌ك (تۆماس
هۆبزو جۆن لۆك و ژان ژاك رۆسۆ و كۆنت و ماركس و..هتد) له‌م بواره‌دا كاریان كردووه‌و به هه‌زاران كتێب
له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه نوسراون و ده‌یان تیۆری زانستی راڤه‌و شرۆڤه‌ی مرۆڤ وه‌ك
بونهوەرێكی بایۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن،
له‌م بواره‌دا چه‌ندین تیۆر له‌سه‌ر پرۆسه‌ی
پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌و فێركردن و ره‌فتاره ته‌ندروست و ره‌فتاری
لاده‌رانه و كه‌ناڵه‌كانی گۆڕینی مرۆڤ له بونه‌وه‌رێكی بایۆلۆژیه‌وه بۆ بونه‌وه‌رێكی
كۆمه‌ڵایه‌تی نوسراون .
له ناو ئه‌و كه‌ناڵانه‌دا خودی كۆمه‌ڵگا خۆی، له رێگای
پێكه‌وه ژیانی مرۆڤه‌كان و پراكتیزه‌ی كاری رۆژانه‌وه به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی
به كۆمه‌ڵایه‌تی كردنی تاكه‌كان داده‌نرێت، ده‌رونزانی فه‌ره‌نسی (جوبرائیل تارد)
له پرۆسه‌ی به كۆمه‌ڵایه‌تی كردن‌دا، بینین و لاسایی كردنه‌وه به بنچینه و
بناغه‌ی ره‌فتاری مرۆڤ ده‌داته قه‌ڵه‌م، سه‌رچاوه‌ی لاسایی كردنه‌وه‌ش ژیانی
پراكتیكیه .واته په‌یوه‌ندی و كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی رۆژانه له‌گه‌ل ده‌وروبه‌ردا.
بۆیه به هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریاندا
په‌یوه‌ندی و كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تیان لاوازه ده‌ڵێن كه‌سێكی ناكۆمهڵایهتیه (سۆسیۆپاتی)یه!
واته په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی وه‌كو پێویست نیه وكارلێكی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر
ته‌ندروست نیه .
ئه‌مه‌ش گرنگی و بایه‌خی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و كارلێكی
نێوان تاكه‌كان ده‌رده‌خات له پرۆسه‌ی به كۆمه‌ڵایه‌تی بووندا، بۆیه له هه‌ر قۆناغێكی
ژیانی مرۆڤه‌كاندا و له‌هه‌ر ته‌مه‌نێكدا لێدان، یان به‌ریه‌ك كه‌وتنێك به‌ر په‌یوه‌ندی
و كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تاكه‌كان بكه‌وێت، یان هه‌ر هۆكار و ئاسته‌نگێك له په‌یوه‌ندی
و كارلێكی مرۆڤه‌كان كه‌م بكاته‌وه كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی
مرۆڤبوونی مرۆڤ، هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌كانی مرۆڤ ده‌گۆڕێت و به پێی توندی و گه‌وره‌یی
لێدان و به‌ریه‌ك كهوتنهكهش كاریگه‌ری زیاتری ده‌بێت، بۆنمونه رێژه‌یه‌كی زۆری
ئه‌وانه‌ی خۆیان ده‌كوژن ئاستی كارلێك و په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان به‌ر
ئاسته‌نگێك كه‌وتوه و بووه‌ته مایه‌ی جۆرێك له دابڕان و گۆشه‌گیری، دواتر چالاكیه
كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان لاواز بووه و هیواو ئومێدیان له ژیان كه‌م بوه‌ته‌وه ، بۆیه
په‌نا بۆ ئه‌و كرداره ده‌به‌ن.
له‌م رۆژگاره‌دا یه‌كێك
له لێدانه به‌هێزو كوشنده‌كان كه به‌ر په‌یوه‌ندی و كارلێكی نیوان مرۆڤه‌كان كه‌وتووه
بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنایه، به‌شێوه‌یه‌ك ژیانی مرۆڤه‌كانی تێكداوه ئه‌گه‌ری
هه‌یه دوای ته‌واوبوونی نه‌خۆشیه‌كه و بنهبڕكردنیشی، هه‌رگیز ئه‌و په‌یوه‌ندی
وكارلێكانهی نێوان مرۆڤه‌كان ئاسایی نه‌بنه‌وه و نه‌گه‌ڕێنه‌وه دۆخی پیش كۆرۆنا،
گۆڕانكاری له به‌شێكی زۆریاندا رووبدات، بۆیه به بۆچوونی هه‌ندێك له توێژه‌ران
و زانایانی كۆمه‌ڵناسی، له ئاینده‌دا كۆمه‌ڵگای مرۆیی به كۆمه‌ڵگای دوای كۆرۆنا
ناوزه‌د ده‌كرێت، به‌هۆی ئه‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه له دوای ئه‌م نه‌خۆشیه‌وه
هه‌ڵیان ده‌گرێت و جیاوازده‌بن له‌وانه‌ی رابردوو .
دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی دوای تێكچونی ژیانی ئاسایی رۆژانه، ئاسه‌واری نێگه‌تیڤی ده‌رونی
و كۆمه‌ڵایه‌تی زۆری لی ده‌كه‌وێته‌وه، بێزاری وهه‌ستكردن به ته‌نیایی و بێ ئومێدبوون
له به‌سه‌ركردنه‌وه و هاوكاری و به‌ده‌نگه‌وه هاتن، دۆخێكی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی
زۆر مه‌ترسیداره، به تایبه‌ت پاش له ده‌ستدانی كار‌و كاسبی و نه‌مانی موچه و كه‌مبونه‌وه‌ی
هاوكاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و مردن و گیان له‌ده‌ستدانی هه‌ندێك له هاورێ و خزم
و ناسیاوه‌كان و توشبوونی هه‌ندێكی دیكه‌یان، ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه بۆ به‌شێك یان
توێژێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵگا ببێته مایه‌ی جۆرێك له نه‌خۆشی ئه‌قڵی و تیكچوونی
باری ده‌رونی و گۆڕانی ره‌فتاری تاكه‌كانی له ئاینده‌دا و به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی
زۆر به توندی دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌ڵبژاردوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ
ئامرازێكی كات به‌سه‌ربردن و خۆ سه‌رقاڵكردن نادۆزنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌دا
گونجاو بێت .
جگه له‌وه‌ی دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی له رووی ده‌رونیه‌وه
هۆكارێكه بۆ توشبوون به خه‌مۆكی و دڵه‌راوكێ، له رووی جه‌سته‌یی و بایۆلۆژیشه‌وه
به پێی راپۆرتی پزیشكیی هه‌ندێك له پسپۆران، هۆكارێكیشه بۆ لاوازبوونی سیسته‌می
به‌رگری جه‌سته و توش بوون به په‌سیو و له‌رز وتا و نه‌خۆشیه‌كانی دڵ و دابه‌زینی ئاستی توانا ئه‌قڵیه‌كانی
مرۆڤ له د‌رك كردن و هه‌ڵبژاردنی ژیرانه‌دا، به لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌هه‌ڵبژاردنی
میكانیزمه‌كانی خۆپارێزی بۆ خۆی.
یه‌كێك له‌و نه‌خۆشیه ده‌رونیانه‌ی له ئه‌نجامی دابڕانی
كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ستكردن به ته‌نیایی و تێكهڵاونهبوونهوه توشی مرۆڤه‌كان ده‌بێت بریتیه له (شڵه‌ژانی
دوجه‌مسه‌ری)( Bipolar disorder) ده‌كرێ به كوردی به (سه‌رشێتی)
یان (سه‌رلێشێواوی) ناوزه‌دی بكه‌ین .
یه‌كێك له نیشانه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشیه، ره‌فتاره دژبه‌یه‌ك
و پێچهوانهكانن، كه‌سی نه‌خۆش به شێوه‌یه‌كی زه‌ق و په‌ڕگرانه ره‌فتاره‌كانی پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه،
تایبه‌تمه‌ندیه كه‌سایه‌تیه‌كانی له بارێكی دیاریكراودا جێگیر نابن ،ته‌واو په‌شۆكاو
و سه‌رلێشێواوه له بڕیار‌و ره‌فتارو ههلسوكهوتهكانیدا بۆنمونه زۆر دڵخۆشه،
له ناكاو خه‌مبار ده‌بێت، زۆر گه‌شبینه له‌ناكاو ره‌ش بین ده‌بێت، زۆر به‌جدی
كارێك ده‌كات له ناكاو وازی لێ دێنێت..هتد، بێ ئه‌وه‌ی له راستیدا هیچ گۆرانكاریه‌ك
له ره‌وشی ژیان و هۆكارو فاكته‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ری روویاندابێت .
یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشیه ده‌رونیه‌ش
دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیه، له ژێر كاریگه‌ری گۆشه‌گیری و تێكهڵاونهبونی تاكه‌كاندا
دروست ده‌بێت، ئیتر به هه‌ر هۆیه‌ك بێت.
بێگومان زۆربوونی ژماره‌ی توشبووان به‌م نه‌خۆشیه زیانێكی
كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ پێكه‌وه ژیان و دووباره رێكخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا،
چونكه متمانه‌ی تاكه‌كان به یه‌كتری ناهێڵیت، به چاوی بێ بار و بێ هه‌ڵویست سه‌یری
یه‌كتر ده‌كه‌ن، به تایبه‌ت له‌و كاته‌دا مه‌ترسی و كاریگه‌ری ئه‌م نه‌خۆشیه زۆر
گه‌وره‌تر ومه‌ترسیدارتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌رێوه‌به‌رو به‌رپرس و كه‌سی یه‌كه‌می
فه‌رمانگه‌كان یان سه‌ركرده‌كان، نیشانه‌كانی نه‌خۆشی شڵه‌ژانی دوو جه‌مسه‌ریان پێوه
دیار بێت .
600 جار خوێندراوەتەوە