لەساڵیادی کۆمەڵکوژی 9ی حوزەیرانی ساڵی 1963دا یادێک لە شەهیدبوونی باوکم

باوکم لە نۆی حوزەیرانی ساڵی ‌1963لەگەڵ کۆمەڵێکی تردا بە ناحەق کوژران. باوکم نانەوا بوو، نانی جوان و برژاوی دەفرۆشت بەکڕیار و دراوسێ دوکانەکانی. ئەوانیش نانە جوانەکانی باوکم و چایی شیرینی چایخانەکەی گوزەرەکەیان لەگەڵ ماستی جوانی بێ غەلوغەشی کوردەواریدا دەکردە کەلتوری خواردنی نانوچایی بەیانیانی شەقامی سابونکەرانباوکم و وەستا ئەمین شەریکە دوکان بوون، دراوسێ دوکانەکانیان زۆر بوون، ناسراوەکانیان عومەر قەزاز و خالید زامدار بوون.. نانەواخانەکەی باوکم پڕ بوو لە بۆنی نان و ژیان...شاگرد و کڕیار، لەگەڵ دەرو دراوسێ و ئەهلی بازاڕ و مزگەوت، هەموویان تێکڕا حورمەتی نانیانان لابوو.

 

ئەو زەمانە هەویرترش لە جێگەی سۆدە بۆ هەڵهاتنی هەویر بەکار دەهێنرا. فرتوفێڵی ئێستا نەبوو، باوکم نەخوێنەوار بوو، بەڵام ئاگایی سیاسی و هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە ئاستی بەرزدا بوە. بەئاستەم بیرم دێت، بەرزی دەکردمەوە و لەسەر سەکۆی تەنوری هێشا گەرمی نانەواخانەکە دایدەنام، دواتر لەباوەشی گەرمو پڕموحیبەتی خۆی گەرمی دەکردمەوە، تامی ماچ و نیگای باوکانەی ئێستاش بەم تەمەنی بوون بە باپیربوونەمەوە، ئیلهام و وزەی ژیانم پێدەبەخشێ...بە منەوە چوار مناڵی هەبوو، دوو کچ و دوو کوڕ(نەسرین و بەهرە، بەختیار و ئاراس). بەرەبەیانی نۆی حوزەیران حکومەتی عێراق سەرانسەری کوردستانی ئێمەی کردە ناوچەی سەربازی و قەدەغەی هاتوچۆ( منع التجول)ی ڕاگەیاند. لەشارەکانی سلێمانی و کۆیە و هەولێر و کەرکوک و بادینان سوپای عێراق دەسیان کرد بە پشکنینی ماڵان و ڕەشبگیری سەدان و هەزاران لە خەڵکی بێگوناح.هاوکات هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانیش بۆ دەڤەری بادینان و بارزان دەستی پێکرد.بەرپرسی ئەو ڕەشبیگری کوشتارە نامرۆڤانەیە لە سلێمانی زەعیم سدیقی ئامر لیوای بیست بوو. لە هەولێریش بدرالدین عەلی بوو. ئەمانە حاکمی موتلەقی ئەوکاتەی شارەکانی سلێمانی و هەولێر بوون. بێ هیچ جۆرە لێپرسینەوە و دادگایکردنێک خەڵکی بێگوناحیان گولەباران دەکرد.

 

باوکم بێخەبەر لە قەدەغەی هاتوچۆ، بەنیازی چوونە سەر کار ڕوو لە شەقامی سابونکەران، ئەو بەیانییە دەکەوێتە بۆسە و کەمینی سەربازەکانی لیوای بیستی زەعیم سدیقەوە، زۆری پێناچێ لەگەڵ کۆمەڵک خەڵکی دەستبەسەرکراوی تردا، لە نزیک سەدەکەی سەرەوە نزیک(عەلوەی کۆنی سلێمانی) هەموویان گولەباران دەکەن. لاشەکانیان دەبەنە حامیەی سلێمانی(پارکی ئازادی )ئێستا. لە حامیە و یاریگای وەرزشی سلێمانی و لە زۆرێک لە گەڕەکەکانی ناوشار ڕەشەکوژی ڕوویدابوو. کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی تریان لە حامیە گولەباران کردبوو، هەموویان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا شاردبوونەوە. هاوشان لەگەڵ سوپای عێراقدا، چەکداری عەشایەری عەرەب بەناوی حەرەس قەومی، دەستیان بە تاڵانکردنی ماڵان دەکرد، هەرچی شتی بەنرخ و باش بوو تاڵانیان دەکرد، ئەوەشی بۆیان نەدەبرا وەک شوشەوات و فەخفوری بە قۆناغە تفەنگ هەموویان دەشکان، کەنتۆر و دۆڵابیان بەر ڕێژنەی گولە دەدا... ماڵی ئێمەیان تاڵان کرد. لەماڵانی تردا لەوەش خراپتریان ئەنجام دابوو، بۆ نمونە: ژنێک دوو کوڕی قوتابی پۆلی پێنجێ سانەوی بوون، ئەو بەیانییە لەحەوشەی خۆیاندا لە خەوی قوڵی خۆیاندا بوون، سەربازەکان لە سیلەی سەر دیواری ماڵەکەیانەوە هەردوکیان خەڵتانی خوێن دەکەن، خەڵکوخوا و دایکە جەرگسوتاوەکەیان هەر لەناو چیمەنەکەدا بە ئامانەت دەیان نێژن.

 

دواتر کە مفاوەزاتی نیسانی ساڵی ١٩٦٤ تەرمی ئەو دوو قوتابیەیان هێنایە تەنیشت قەبری باوکم لە گردی سەیوان- شەهیدان. ئێستاش پاش ئەو هەموو ساڵە لاوانەوەی دایکم و ئەو دایکە جەرگ سوتاوەم لە زیهن و یاداوەریمدا بە زیندویی هەر ماوە.

 

ڕزگاری برا بچکۆلەمان بە چەند مانگ دوای کوژرانی باوکم لە حوزەیرانی ١٩٦٣، لە شوباتی ساڵی ١٩٦٤ لەدایک بوو.لە سەروەختی گفتوگۆ و دانوسانی نێوان شۆڕش و حکومەتی عێراقدا. جەلال تاڵەبانی لەوبەر ماڵی ئێمەوە وتاری حەماسی بۆ ئاپۆڕای خەڵکی سلێمانی دەخوێندەوە، بە لێکدانەوە و عەقڵی دایەگەورەم بۆ وتارەکەی مام جەلال کورد ڕزگاری دەبێ، بۆیە دواهەمین مناڵی وەلی نانەوا ناونرا ڕزگار... بەڵام لێکدانەوەکانی دایەگەورە بۆ ڕزگاری کورد و کوردستان ڕاست دەرنەچوون. چونکە شۆڕش و خەباتی چەکداری و شەڕی براکان و مفاوەزات درێژەی کێشا تەنانەت ڕزگاری برام و هاوتەمەنەکانشی فریای پێشمەرگایەتی کەوتن تا ساڵانی ‌١٩٨٨ی سەردەمی ئەنفالەکان و دواتریش تا ڕۆژانی دوای ڕاپەڕین ١٩٩١ ، ئێستا ڕزگاری برام باپیرە و پەڕاگەندەی سویدە .

 

نۆی حوزەیرانی شەستو سێ، باوکم بێخەبەر لە مەنعەتەجەول، بەیانی زۆر زوو ڕوو لە جادەی سابونکەران دەکات.

 

باوکم بەهیوای شێلانی هەویر و تێکەڵکردنی هەویر ترش بە ئارد و خوێ تا نانێکی جوان وگەرم و پڕ بۆنوبەرامەی لێ دروست بکات ، ئێمەی لە شیرین خەودا بەجێهێشت..!

 

دایکم زۆری لێ دەپاڕێتەوە کە نەچێت بۆ ئیش، چونکە . دڵی خەبەری داوە و، دنیا ئارام نییە ... باوکم لە نۆی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ لەگەڵ کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری سلێمانی و ناوچەکانی تری کوردستاندا خەڵتانی خوێن کران. ئێمەیان لە ناز و موحیبەتی باوک بێبەش کرد.. کوژرانی باوکم تا ئێستای ئەم دێڕانە دەنوسم،یەکێکە لە گرێ و پرسیارە دلێماییەکانی من وخوشکوبراکانم بەرانبەر هەستی بێ باوکی..! بەتایبەت ڕزگاری برام.بارودۆخی شەڕ و ترسی خەڵک لە دڕندەیی حکومەت و چەکدارە وەحشیەکانی کارێکی کردبوو، خەڵک وێنە و ئەلبومی خێزانیان بشارنەوە، بیسوتێنن..!

 

وێنەکانی باوکم و زۆرێک لە ئەلبومە خێزانیەکانمان لەو ماجەرای شەڕ و تاڵانی ماڵماندا فەوتان..!
ئێستاش پاش ٦١ ساڵ، ڕزگار بەدوای ئەرشیفی ستودیۆ ڕەفیق و حەبیب و دائیرەی نفوس..تاد، دەگەڕێت بە دوای وێنەیەکی باوکم دا.لەبەختی تەڵخو کەچدا، ئەرشیفەکانی ستودۆکانیش لەسەروبەندی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١دا زۆرێکیان تیاچوون، یان وەک زۆر دەستنووس و دۆکۆمێنتی مێژویمان فەوتان.
سڵاو لە شەهیدانی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣.
تێبێنی...
چیرۆکە غەمگین و ڕاستەقینەکانی ئەو سەردەم و ڕۆژگارە لە زیهن و بیرەوەریمدا بە زیندویی ماون، عەمر مەودا بدا هەمووی باس دەکەم.

178 جار خوێندراوەتەوە