تەقەی خۆشی


دیاردەی  تەقەی خۆشی لەکاتی دەنگدان و لەدوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی دەنگدان بوە بە کلتورێکی باو لە هەرێمی کوردستاندا. تا ئێستا ئاماری قوربانیانی تەقەی خۆشی نەزانراوە. پرۆسەی هەڵبژاردن و تەقەی خۆشی، هەڵبژاردن و دزینی دەنگ و تەزویر، هەڵبژاردن و فرتوفێڵی لیستی دەنگدەران، دەنگدەری مردو، دەنگدەری بیانی، دەنگدەری بەڵتەجی کە دەتوانێ دەیانجار دەنگ بدات. هەمو ئەمانە لەدواساتەکاندا تێکەڵ بەتەقەی خۆشی دەکرێت و، لە کۆتایدا چەندین ئینسانی ئەم وڵاتە هەمو ژیانیان دەبنە خاوەن پێداویستی تایبەت و لەسەر کورسی کەمئەندامی ژیانێکی هەرە ناخۆش دەگوزەرێنن.

لە هەرێمی کوردستاندا بەچەکی جۆراوجۆر تەقەی خۆشی بەئاسماندا دەکرێ، گوایە لەبەر ئەوەی دڵخۆشن بە بیستنی هەواڵێک، تەقە دەکەن..! ئیتر هەواڵە خۆشەکە راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بێت یان هەواڵی ساخ و سەلامەتی سەرۆک کۆمار بێت. گرنگ ئەوەیە زۆربەی چەکدارانی مەسئولەکانی هەرێمی کوردستان سەدەهاو هەزارەها گولە دەنێن بە ئاسمانی هەرێمی کوردستانەوە! ئەمەشیان ناو ناوە تەقەی خۆشی!.

تەقەی خۆشی لەزەمانی کۆندا لەشایی و زەماوەندا وەکو نەریتێکی ئەو بۆنە خۆشە ئەنجام دەدرا، بەتایبەت لە لادێ و شارەلادێکاندا. لەشارە گەورەکاندا ئەم نەریتە نەبو یان دەگمەن بو، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئاسایی سڤیل چەکدار نەبون. بەرپرسانی حیزبی و حکومی وەک ئێستا لەشکرێک لە پاسەوانیان نەبو! پاسەوان و سەربازیش بەیاسا و رێسای تایبەت لێیان یاساخ کرابو تەقەی خۆشی بکەن..! بەواتایەکی تر تەقەی خۆشی، کە بەهیج جۆرێک هیچ خۆشیەکی تێدا نییە! وەکو دیاردەیەکی دزێو، داهێنان و فەرهەنگی ئەم مەسئولە نامەسئولانەی هەرێمی کوردستانە. بیرۆکەی پشت ئەم تەقەی خۆشییە هیج نییە، جگە لە گەندەڵی و نابەرپرسیارێتی بەرپرسان.

بازاڕی چەک فرۆشتن لە هەمو شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا بونیان هەیە. چ بەئاشکرا و چ بە نهێنی هەمو جۆرە چەک و فیشەک و بۆمب و مین و ... هتد، دەفرۆشرێت. کڕین و فرۆشتن لەهەمو ئاستێکدا دەکرێ..! لەوەش سەیر تر پەرلەمان لەخولی یەکەمدا یاسای حیزبی چەکداریشی قەدەغە کردوە!.

لە هەر چرکەساتێکی تەقەی خۆشیدا کۆمەڵێک هاوڵاتی لەژن و مناڵ و پیر دەبنە قوربانی. هاوکات هیچ بەرپرسێکی حکومی و حیزبی بەهیچ جۆرێک هیچ بەرپرسیارێتییەک ناخاتە ئەستۆی خۆی و حیزب و حکومەتەکەی.!

ئەم دیارە ناشرینە ناشارستانییە ترسناکە پێوستی بەوەیە تیشکی زیاتر بخرێتەسەرو لێکۆڵینەوەی هەمەجۆری لەبارەوە بکرێت، ئامارە دروستەکانی قوربانیەکان بڵاو بکرێنەوە. هەست و موعاناتی قوربانیان و کەسوکاریان بکرێتە بابەتی میدیایی، بۆ ئەوەی هەست و هاوسۆزی هاوڵاتیانی کۆمەڵگای بۆ بەدەستبهێنرێت.

دیاردەی دزێوی تەقەکردن، پێوستە بنەبڕبکرێت، بەیاسا قەدەغەبکرێت، پەرلەمان و حکومەت و دادگاکان کاری جددی لەسەر بکەن. سزای تەقەکەران بدرێ و، قەرەبوی قوربانیان بکرێنەوە، ئەوە ئیش و ئەرکی پەرلەمانتارانی داهاتوی هەمو فراکسیۆنەکانە. پێوستە بەپرۆژەیاساکانیان رێگا لەم دیاردە دزێوانە بگرن. ئەوە ئەرکی میدیاکارانە تیشک بخەنە سەر ئەم دیاردە دزێوانە، ئەوە ئەرکی پەرلەمانە کە ئەم دیاردەیە یاسابەند بکات و حکومەتیش بەدواداچونی بۆ بکات و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە تا لە زەمەنێکی دیاریکراودا بەتەواوی بنەبڕدەبێت.

ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، نابێت بە تەقەی خۆشی وەڵام بدرێتەوە، دەبێت بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان وەڵام بدرێتەوە. بە دروستکردنی پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی بەهێز و خاوەن کارانامەیەک کە لەخزمەتی هاوڵاتیاندا بێت. تەق و تۆق فەرهەنگێکی دواکەوتوی دزێو و ناشرینە هیچ پەیوەندیەکی بەدەربڕینی هەستی خۆشی و دڵخۆشی خەڵکەوە نییە.

2080 جار خوێندراوەتەوە