کۆچی ناوادەی سمایل هەمومانی بە شێوازی جیاواز خەمبار کرد.!
چەند ڕۆژێک بوو، لە خەیاڵ و بیری ئەوەدابووم قسەیەک لەگەڵ سمایل دا بکەم..! دوێنێ ئێوارە تەلەفونم بۆ کرد، حەمەی برای وەڵامی دامەوە. گوتم؛ سمایلم بدەرێ با قسەی لەگەڵدا بکەم..! حەمە گوتی؛ ناتوانێ قسە بکات.! ئێستا ئێمە لە ئینعاشین، ئیمڕۆ کەمێک خوێنی هەڵهێنایەوە وا ئێستاش لە خەستەخانەین، ناتوانێ قسە بکات.! گوتم ؛ حەمە گیان هیچ نابێ و سلاوی منی پێ بگەیەنە، ئەگەر پێویستیتان بە من هەیە ئێستا دێم..! گوتی؛ سپاس هیچمان پێویست نییە. هاتنیشت ئەزیەتەو لەو جۆرە قسانە..!
خولاسە من بە نەخۆشی کتوپڕ و سادەی تێگەیشتم. بە نزا و دوعای خێر و سەلامەتی کۆتایم بە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەم هێنا..!
سبەی ساڵحان بە پەیامێکی هاوڕێم ئازادی کاکە ڕەش بێدار بوومەوە..! دڵم خەبەری دا ..! مەرگێکی ناوادە لە بۆسەدایە بۆ ئازیزێکمان..!
وامان بڕیار دا دوای سەردانێکی جڤاتی گشتیم لە نیوەڕۆژەدا کاک ئازاد و بەندە، بچینە نەخۆشخانە بۆ لای سمایل و دڵنەوایی بکەین و، هەندێک ورە و ئیرادەی ڕۆژانی سەختی وەبیر بهێنینەوە تا لەم نەخۆشییە ڕەزاقورسەی ئێستاش بە خەندە و پێکەنینەوە ڕزگاری بێ و سەربەرز وەک (داری خلە ) بێتەوە ناومان..!
لەدەمی نیوەڕۆژەدا پەیامێکی تاریکی دکتۆرەکان مودەی چەند سەعات ژیانی دابوو بە ئیسماعیل..!
من و ئازاد بەڕێوە بووین بۆ نەخۆشخانە.. سمایل گیانی سپارد بەم خاکە بێناز و بێ کەسە..!
سمایل مرد، مردنی لەم دیو سنوری دەستکرد بۆ ئەودیوی سنوری نادیاری کوردستانە خۆڵەمێشیەکەی هەموو دڵسۆزان و جەرگسوتاوانی خەمبار و دڵتەنگ کرد.!
سمایل گیان .. خۆت خۆش بیت، هاوڕێ خێر لەخۆ نەدیوەکەم..! مەرگی تۆ لەم ڕۆژگاری بێ ئومێدی و تاریکیەدا بەسوێتر بوو لە مەرگی مناڵانی وەک ( سورکێو ، ڕێژوانەکان) ی لەخوێندا شەڵاڵکراوی شوباتی ٢٠١١ ی سەر شەقامە بێ نازەکانی سلێمانی.!
ڕۆحت شاد بێ ، تۆ و هاوشێوەکانت لاپەڕەیەکی زێدە گرنگ و جوانن لە کتێبی مێژوی تازەی ئێمەدا.!
ئێستا دنیای ئێمە ڕۆژگارێکە پڕ لە نائومێدی..! خەڵک ژیان بە مردویی دەگوزەرێنن.! “ ئومێد سیحرێکە جەهەنەم دەکات بە بەهەشت و، بێئومێدیش بەهەشت دەکاتە دۆزەخ”
تۆ ڕزگارت بوو لەو هەموو مەراقی دۆزەخەی ئێستامان.. بنوو هاوڕێ گیان، مەرگ قۆناغێکی دیکەیە لە پەیوەست بوون بە دنیای بێ کۆتایی ئەزەلەوە..!
دڵنیام ژیانی داهاتوی ئێوەش بەشێکی زێدە جوانی کارمای ئەو جیهانە بێ کۆتاییە دەبێت.
ڕۆحت شاد و خوای گەورە و میهرەبان ئاگادارت بێ ، گەنجۆ بێ ناز و خێرلەخۆ نەدیوەکەی نیشتمان..!
151 جار خوێندراوەتەوە