قۆناغی دووەمی شەڕی ئێران و ئەمریکا -ئیسڕائیل
یەکەم: ئاسمانی ئێران بە تەواوی یان زۆربەی زۆری لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکا و ئیسرائیل دایە.
دووەم: بۆردومانی بنکە ئەتۆمی کانی نەتەنز و بۆردۆ گۆڕدراوە بۆ بنکە سەربازیەکان ، ئیتڵاعات،پۆلیس٫ فەرمانداری، دادگا سنوری و پادگانەکانی سەر سنوری نزیک هەرێمی کوردستان.
سێیەم: ناوەندە سیاسییەکان لە تاران و زوربەی شارەکانی ئێران کراونەتە ئامانج و بە سەختی بۆردومان دەکرێن.
چوارەم: تێکشکاندنی کامێراکانی چاودێری لە تاران و شارە گەورەکان کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیتڵاعاتدا بووە.
پێنجەم: پلانی دابەزاندنی کۆماندۆی پەڕەشوتی مارێنز بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گەروی هورمز لە ئارادایە.
شەشەم: لێدانی سەختتر لە بەشی مەدەنی ئیتڵاعات و پۆلیسی ئەخلاق.
حەوتەم: بۆ ئامادەکاری خۆپیشاندانی گەورە. ئیسڕائیل بەسەختی بۆردومانی تەکنەلۆژیای کۆنتڕۆڵی تاران و شارەکانی تر دەکات. بۆ ئەوەی ڕژێمی ئێران نەتوانێ ئیحتیوای خۆپیشاندانەکان بکات.
هەشتەم: ئەگەری دانیشتنی ئێران- ئەمریکا بۆ دانوستان نابێت، بەڵکو بۆ ئیمزا کردنی تەسلیم بوونە.
نۆهەم: سیناریۆی خێمەی کۆبونەوەی ئێران- ئەمریکا لە دەوحە یان لە عەمان ئامادەکراوە و. لاریجانی و عێراقی دەچنە ژێر خێمەکە و ئیمزای تەسلیم بوون واژۆ دەکەن.
دەهەم: لە سەرەتای هەفتەی داهاتو، سیناریۆی شەڕی مەیدانی سنوردار دەستپێدەکات. گروپە چەکدارەکانی کوردی ڕۆژهەڵات پڕ چەک دەکرێن، لە ئاسمانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە ئامانجی بەدیهێنانی بۆشایی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی لە شارۆچکە کوردییەکانی نزیک لە سنوری هەرێمی کوردستان.
یازدەهەم: لە حاڵەتی بەهێزبوون و فراوانبوونی پەرچە کرداری حەشدی شەعبی و گروپەکانی مقاوەمەی سەر بە جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان ... حکومەتی هەرێم+ حکومەتی ئەحمەد شەرع+ هێزەکانی سووریای دیمۆکرات وەک هێزی یەکەم ئامادە دەکرێن بۆ ڕێگرتن لە فراوانبوونی شەڕی مەیدانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە عێراق و سوریا.
دوانزەهەم: لە حاڵەتی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سنوری ئازربایجان. ئەمریکا پلانی ڕێکخستنی چەکدارانی پژاک+ پکک+ گروپی چەکداری دیکەی یاخیبوو لە دەسەڵاتی ئێران، هەمویان بچنە ژێر ڕکێفی تورکیاوە.
ئەنجام و کۆتایی
ئایندەی ئێران لەم شەڕەدا نادیارە ، شکستیان دیارە.
ئێرانیەکان زوربەی هەوڵ و تاکتیکی سەرەکیان بۆ ئەوەیە شەڕ درێژە بکێشێت ، تا دەرفەت بدۆزنەوە چ خۆیان یان بەرەی مقاوەمە گورزێکی کوشندە لە ئیسڕائیل یان لە پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا بوەشتێنن. بۆ نمونە گورزی کوشندە لە کەشتیە جەنگیەکانی. ئەوەش بۆ دروستکردنی قەیرانی سوتەمەنی و ئیکۆنۆمی جیهانی.
هاوکات ڕووسیا و چین و کۆریای باکور کاراکتەری پشت جەنگی ئەمریکا و ئێرانن.
پلان و تاکتیکی ئێران سەرقاڵکردنی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ شەڕی درێژخایەن.
تەمویلکردنی ئێران بە زانیاری و چەک و پێداویستی سوتەمەنی جەنگ چ لەلایەن ڕوسیا یان چین و کۆریای باکور تا ئێستا نادیار و سنووردارە.!
هاوکات جۆرێک لە لۆبیکردن بۆ وەستاندنی شەڕ و مانەوەی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی لەلایەن تورکیا و وڵاتانی دیکەوە بەردەوامە.
کورد لە رۆژهەڵات و لە هەرێمیش پێویستە واقیعیانە، وردبین و بە دڵێکی گەرم و سەرێکی ساردەوە چاوەڕوان بێت و سەیر بکات.هاوکات پانتایی هەوڵە دیبلۆماسیەکان فراوانتر و کاراتر بکات.کورد پێویستە لە نێوان بژاردەی باش و باشتر و باشترین دا باشترین هەڵبژێرێ.
لەنێوان بژاردەی خراپ و خراپتر و خراپترینش دا بژاردەی خراپ هەڵبژێرێ. ئەوەش لە ئەرزی واقیعدا و لە ئێستادا سەخت و دژوارە..! بۆ ئەوەی بڕیاری گرنگ لە کات و ساتی گونجاودا بدرێ و، دەستکەوتی گەورە و دواڕۆژی ڕووناکتر بۆ دۆزی کورد چ لە هەرێم و چ لە پارچەکانی تردا بە دەستبهێنرێ. دەبێت لە هەرێم لە ئاستی هێزە سیاسیەکان و دامەزراوە حکومییەکان دیالۆگی نیشتیمانی جددی دەستپێبکرێ. کەناڵەکانی دیبلۆماسی فراوانتر جددی تر بکرێ، تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆر و کۆماندۆ..تاد ئامادە بکرێن بۆ هەموو ئەگەری ڕوودانی چاوەڕوان نەکراو. دەبێت ڕاشکاوانە داوای لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو و هاوپەیمانەکانی بکرێ تا سیستمی بەرگری موشەکی جێگر بکرێ بۆ هەرێمی کوردستان. دەبێت ناوەندێکی میدیایی بەرپرسیار و پڕۆفیشوناڵ بە زوویی دروست بکرێ تا ڕووماڵی جەنگ دوور لە غەوغا و هەرکەس بۆخۆی ڕزگار بکات.
لە ئەگەری کۆتایی جەنگ یان بەردەوامی و فراوانبوونی جەنگەکەدا، فراوانکردنی کەناڵی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان و ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی خۆمان بەرهەمی باش و زیانی کەمتر و دەستکەوتی سیاسی گرنگترین دەبێت.
ئاراس وەلی
335 جار خوێندراوەتەوە