میدیاكانی ئەڵمانیا: بەهۆی پێنەدانی موچەوە پێشمەرگە چەكەكانیان فرۆشتووە

KNN : Kurdish News Network
08:07 - 29/09/2018
کوردستان
+
-

ئەڵمانیا؛ زیاد لە 32 هەزار چەكی پێشكەوتوو رەوانەی هەرێم كراوە
پەڕلەمانتارێكی گۆڕان: بەلایەنی زۆرەوە 41 هەزار پێشمەرگە بەشداریی شەڕی داعشیان كردووە
ئەڵمانیا؛ بەرپرسیاریی پاراستنی چەكەكان لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدا بوون


دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بۆ یەكەمجار لە مێژووی وڵاتەكەدا چەكی دروستكراوی خۆی رەوانەی مەیدانی رووبەڕووبوونەوە و جەنگی دەرەوەی ئەڵمانیا كرد، حكومەتی هەرێم نەیتوانی لە ئاست متمانەی ئەو وڵاتەدا بێت و زۆرێك لە چەكە ئەڵمانیەكان نەك نەگەیشتنە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە تاكو خۆیانی پێ بپارێزن، بەڵكو لەلایەن بەرپرسانی پارتی و یەكێتییەوە لە بازاڕی ڕەشدا فرۆشران, ئەمەش ژمارەی شەهیدانی شەڕی داعشی زیادكرد.


حكومەتی ئەڵمانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ئەیلولی 2014دا یەكەم وەجبەی چەكی پێشكەوتووی رادەستی هەرێمی كوردستان كرد، تاكو بەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەی پێ‌ بەهێز بكرێت و دژ بە رێكخراوی تیرۆرستیی داعش بەكاربهێنرێن، بەڵام زۆرێك لەو چەكانە نەگەیشتنە دەست هێزەكانی پێشمەرگە و لەلایەن بەرپرسانی باڵای یەكێتی و پارتی-یەوە لە بازاڕی رەشدا مامەڵەیان پێوەكرا.

تەنها ساڵ و نیوێك بەس بوو بۆ بەرپرسانی سەربازیی یەكێتی و پارتی تاكو رووی راستەقینەی خۆیان نیشانی ئەڵمانیا بدەن و لە مانگی یەكی 2016دا ئەڵمانیا بەهۆی فرۆشتنی چەكەكانیەوە لە بازاڕەكانی چەكی سلێمانی و هەولێردا, رەوانەكردنی چەكی بۆ پێشمەرگە راگرت.

لە راپۆرتێكی ئاژانسی ئێن دی ئاڕی ئەڵمانیدا هاتووە كە لەسەرەتاوە نرخی چەكێكی جۆری جی36ی ئەڵمانی لە بازاڕەكانی هەولێر و سلێمانیدا 4 هەزار دۆلار بووە بەڵام بە تێپەرینی كات و زۆربوونی چەكەكە لە بازاڕدا نرخەكەی بۆ كەمتر لە هەزار و 500 دۆلار دابەزیوە.

 ئەمەش دروست لەو ماوەیەدا روویدابوو كە هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوەی دژ بە داعش دەجەنگان و رێكخراوە تیرۆرستیەكە لەو پەڕی هێزیدابوو و سێیەكی خاكی عێراق و بەشێكی زۆری سوریای كۆنترۆڵكردبوو .

لە درێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە كە بەشێك لە چەكە ئەڵمانیەكان بەهۆی پێنەدانی موچەی مانگانەوە لەلایەن حكومەتەوە هێزەكانی پێشمەرگەی ناچار بە فرۆشتنی چەكەكانیان كردووە تاكو پێداویستیی رۆژانەی خانەوادەكانیان پەیدا بكەن.

بەپێی زانیارییەكان, سوپای ئەڵمانیا لە هاوینی 2014وە زیاد لە 32 هەزار چەكی پێشكەوتووی قەبارە جیاواز و موشەكی دژە تانكی جۆری میلان-ی رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە بەهاكەیان زیاتر بووە لە 106 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.

مەحمودی حاجی عومەر پەرلەمانتاری خولی رابردووی بزوتنەوەی گۆڕان-یش رایدەگەیەنێت كە لە تەواوی شەڕی دژ بە داعشدا تەنها ئەوپەڕی 41 هەزار پێشمەرگە بەشدارییانكردووە. بەمەش, پێویستە لە 4 پێشمەرگەی بەشداربووی شەڕی داعش, لانی كەم 3 پێشمەرگەیان چەكێكی ئەڵمانی-یان پێدرابێت. بەڵام وەك پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئاماژەی پێدەكات, بە چاوی خۆی چەكی ئەڵمانیی بەدەست ئەفسەر و فەرماندە سەربازییەكانەوە بینیوە, لە كاتێكدا پێشمەرگە هەبووە كە بە پارەی خۆی 900 هەزاری داوە بە چەك و دوای شەهیدبوونی چەكەكەشی دزراوە.

1640 جار خوێندراوەتەوە