مەهاتیر محەمەدەكەی پارتی كێیە؟

KNN : Kurdish News Network
08:12 - 24/09/2018
کوردستان
+
-

لە سایەی ئەندازیارەكەی پارتییەوە ٣٠٠ هەزار كەس كرێچین
لە سایەی ئەندازیارەكەی پارتییەوە هێشتا هەرێم پیاز و تەماتە هاوردە دەكات


مەهاتیر محەمەد لە ماوەی ١٨ ساڵدا مالیزیای لە وڵاتێكی هەژاری پەراوێز خراوەوە گۆڕی بۆ وڵاتێكی بەهێزی پیشەسازی و گەشتیاری، كەچی نازناوی ئەندازیاری ئاوەدانی بۆ خۆی دانەتاشی، بەڵام پارتی دوای ١٨ ساڵ حوكمڕانی فاشیل، نازناوی ئەندازیاری ئاوەدانی بە نێچیرڤان بارزانی بەخشیوە.


ئەندازیاری ئاوەدانی كێیە وا پارتی لێی كردوین بە مەهاتیر محەمەدوە.

ئەندازیارەكەی ئاوەدانی پارتی لە ساڵی ١٩٩٨وە تا ئێستا جگە لە دوو ساڵ نەبێت سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە، لە ماوەی ١٨ ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا هیچ پڕۆژەیەكی ستراتیژی دروست نەكردوە بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابوری هەرێم، جگە لە راكێشانی هێڵێكی بۆڕی نەوت نەبێت، كە ئەویش خەڵك سەد خۆزگە بە نەبوونی دەخوازن، چونكە داهاتی ئەو نەوتە دەچێتە گیرفانی خۆی و بەرپرسانی حیزبەكەی خۆی و ئەو حیزبەی كە شەریكە لەگەڵی.

لەوانەیە ئەندازیارەكەی ئاوەدانی كوردستان، دوای ١٨ ساڵ حكومڕانی ئەمانە بە دەستكەوت بۆخۆی بزانێت:
دوای ١٨ ساڵ هێشتا نزیكەی ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی كرێچین، واتە شارێكی گەورەی ئەم هەرێمە كرێچییە.

دوای ١٨ ساڵ حوكمڕانی لەژێر سایەی دەسەڵاتەكەی ئەم ئەندازیارەی ئاوەدانیدا هێشتا هەرێم پیاز و تەماتە و جبس و بسكیت و بە دەیان و سەدان بەرهەمی دیكەی لەم چەشنە لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەكات، كەچی چوتیارە زەحمەتكێشەكانی خۆشمان دوای چەندین مانگ زەحمەت و ئارەقڕشتن ناتوانن بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی خۆیان لە بازاڕەكانی كوردستان ساخ بكەنەوە.

لە سایەی ١٨ ساڵ حكومەتەكەی ئەندازیارەكەمانەوە، هێشتا رۆژانە ١٠ كاتژمێر كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین ناكرێت.

ئەندازیارەكەی ئاوەدانی دوای ١٨ ساڵ جیا لەڕێگەی هەولێر _ مەسیف سەلاحەدین نەبێت كە خۆی و خانەوادەكەی هاتووچۆی پێدادەكەن، دوو رێگای هاتووچۆی بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دروست نەكردوە و باكیشی بەوە نییە رۆژانە بەهۆی خراپی رێگاوبانەوە چەندین هاوڵاتی دەبنە قوربانی.

ئەندازیارەكەی ئاوەدانی لە ١٦یەمین ساڵی حكومەتداریدا دەستی بۆ موچە و قوتی هاوڵاتیان برد و شانازی ئەوەی پێ بڕا كە بۆ یەكەمجار لە جیهاندا سیستمی پاشەكەوتی موچەی داهێنا.

ئەندازیارەكەی ئاوەدانی دوای ١٨ ساڵ نەیتوانی سیستمێكی بانكی رێكوپێك و متمانە پێكراو دروست بكات، هێشتا خەڵك ناچارن وەك ١٠٠٠ ساڵ پێش پارەكانیان لەناو سەرین و كونەدیواری ماڵەكانیان بشارنەوە، بەڵام بۆ گیرفانی خۆی بانكی نێودەوڵەتی كوردستانی دروست كردوە كە كاری تاڵانكردنی پارەی حكومەت و هاوڵاتیانە.

لەوە زیاتر لیستی دەستكەوتەكانی ئەندازیاری ئاوەدانی ناخوێنینەوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر برینی بینەران نەكولێنینەوە، بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێن مەهاتیر محەمەد لە ماوەی ١٨ ساڵدا مالیزیای لە وڵاتێكی هەژاری پەراوێز خراوەوە گۆڕی بۆ وڵاتێكی دەوڵەمەندی پیشەسازی و گەشتیاری لەسەر ئاستی جیهاندا، كەچی نازناوی ئەندازیاری ئاوەدانی بۆخۆی دانەتاشی.

863 جار خوێندراوەتەوە