مەسرور بارزانی: راستەوخۆ لە ئێران و ناوخۆی عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر هەرێم

KNN : Kurdish News Network
11:55 - 08/08/2026
کوردستان
+
-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ قەتیسکردنی چەک بەتەنها لە دەستی هێزە فەرمییەکاندا. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هەرێم نایەوێت ببێتە لایەنێک لە ململانێکانی ناوچەکە.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دۆخی ئەمنیی هەرێم کرد و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووەتەوە. ڕوونیشیکردەوە کە ئەو هێرشانە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە یان لە ناوخۆی عێراقەوە لە ڕێگەی هەندێک گرووپی چەکدارەوە ئەنجام دراون.

 

مەسرور بارزانی لە بارەی ئەگەری تێوەگلانیان لە بارگرژییەکان وتی: "هیچ لایەنێک فشاری لێ نەکردووین بۆ تێوەگلان لە جەنگ و ئەوەی ئێمە دەمانەوێت تەنها پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیەتی لە هەر ململانێیەک."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕەتیکردەوە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت و ئاماژەی بەوە کرد کە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە لە تایبەتمەندییەکانی حکومەتی فیدراڵییە. هەروەها سەبارەت بە بوونی هێزی بیانی لە هەرێم وتی: "لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی هەریر بوونی نەبووە."

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، بارزانی تیشکی خستە سەر پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و باسی لەوە کرد کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ دیمەشق هەیە و لە قۆناغی بەرەوپێشچووندایە، هەروەها پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ تورکیا بە "زۆر باش" وەسف کرد کە تێیدا هەماهەنگی لە نێوانیاندا هەیە.

254 جار خوێندراوەتەوە