لە پێناو پاراستن و پێشخستنی کەلەپووری مۆسیقای کوردی و بەدیجیتاڵکردنی سەرچاوە زانستییەکان، یەکەمین پەرتووکی ئەلیکترۆنیی ئەکادیمی بە زمانی کوردی لەژێر ناوی "دەفیانە" بۆ فێربوون و ژەنینی ئامێری دەف بڵاو کرایەوە.
پەرتووکەکە لەلایەن گەنجێکی کوردەوە بە ناوی (محەممەد بەرزنجی) ئامادە کراوە. نووسەر لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (کەی ئێن ئێن) وردەکارییەکانی ئەم بەرهەمەی خستە ڕوو و ڕایگەیاند: "ئەم پڕۆژە نوێخوازانەیە بە شێوەیەکی زانستی تایبەت کراوە بە فێرکاریی ئامێری ڕەسەنی دەف. ئەمە یەکەمین جارە بە زمانی کوردی سەرچاوەیەکی لەم شێوەیە بەردەست بێت، کە تیایدا فێرخواز دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسان و قۆناغ بە قۆناغ ئاشنای ژەنینی ئامێرەکە ببێت."
لەبارەی ناوەڕۆک و تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئەم بەرهەمەوە، بەرزنجی ڕوونی کردەوە کە "دەفیانە" ڕێبەرێکی هاوچەرخ و گشتگیرە کە بنەماکانی فێربوون، فێرکاریی نۆتە و داڕشتنەوەی سەرجەم ڕیتمە کوردییەکانی لەخۆ گرتووە. خاڵی جیاکەرەوەی ئەم پەرتووکە دیجیتاڵییە بریتییە لە گرێدانی دەقەکان بە ڤیدیۆی فێرکارییەوە؛ بە جۆرێک خوێنەر دەتوانێت لە کاتی خوێندنەوەدا ڕاستەوخۆ بینەری وانە ڤیدیۆییەکان بێت و بە شێوەی پراکتیکی ڕاهێنانەکانی ئەنجام بدات.
سەبارەت بە پاڵنەری پشت ئەم پڕۆژەیەش، نووسەری پەرتووکەکە ئاماژەی بەوە دا کە بیرۆکەی کارەکە لە بۆشایی و پێویستییەکی مێژووییەوە سەرچاوەی گرتووە و وتی: "سەرەڕای ئەوەی دەف ئامێرێکی ڕەسەنی کوردییە و ڕەگ و ڕیشەیەکی دێرینی لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام جێگەی داخە تا ئێستا سەرچاوەیەکی زانستی و ئەکادیمیی کوردی لەسەر ئەم ئامێرە بەردەست نەبووە، بۆیە هەوڵم دا لە ڕێگەی ئەم پەرتووکە دیجیتاڵییەوە مێژوو و بنەماکانی فێربوونی دەف بە شێوازێکی سەردەمیانە بگەیەنم."
375 جار خوێندراوەتەوە