ئەنجوومەنی وەزیران کارکردن بە بڕیاری مۆڵەتی بێ مووچە ڕادەگرێت و مەرجی نوێ دیاری دەکات

KNN : Kurdish News Network
02:30 - 06/08/2026
کوردستان
+
-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەرانەوە دەرکرد و کارکردنی بە بڕیارێکی پێشووتری لەو بارەیەوە ڕاگرت. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە کەمکرایەوە بۆ دوو ساڵ و ئەو ماوەیەش بۆ هیچ مەبەستێک بە خزمەت هەژمار ناکرێت.

 

بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (300)ی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (38)ی ساڵی 2015 کە تایبەت بوو بە پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە. ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە جێبەجێکردنی تەواوی حوکمی یاسا دادەنرێت و پاڵپشتە بە بڕیاری تەشریعیی ژمارە (418)ی ساڵی 1987، کە دووپاتی کردووەتەوە ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە نابێت لە دوو ساڵ زیاتر بێت.

 

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە، گۆڕانکارییەکە هاوتەبایە لەگەڵ بڕیاری ژمارە (107)ی ساڵی 2010ی ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق، کە تێیدا جەخت کراوەتەوە پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە لە ماوەی ڕاژەی فەرمانبەرەکەدا نابێت لە یەک جار زیاتر بێت.

 

هاوکات لە ڕووی هەژمارکردنی ماوەی مۆڵەتەکەوە، بڕیارەکە گونجێنراوە لەگەڵ حوکمەکانی یاسای خانەنشینی کە ڕوونیکردووەتەوە ماوەی مۆڵەتەکە بۆ هیچ مەبەستێک هەژمار ناکرێت.

519 جار خوێندراوەتەوە