سەڵاحەدین
بابەکر، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان
و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی
لوتکە لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانەی نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە،
بەمەبەستی شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی، کاراکردنەوەی پەرلەمان، و پێکهێنانی کابینەی
نوێی حکومەت.
لە میانی
بەشداریکردنی لە بەرنامەی "ڕۆژەڤ"ـی کەی ئێن ئێن، وتەبێژی یەکگرتووی
ئیسلامی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری
نەکراوە و ئەوەش بەستراوەتەوە بە کات و بەرنامەی کاری کەسی یەکەمی پارتی و
یەکێتییەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا یەکلایی بکرێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە،
دوای دیاریکردنی کات و شوێنەکە، بانگهێشتنامەی فەرمی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەنانە
دەکرێت کە فراکسیۆنیان لە پەرلەمان هەیە، بۆ ئەوەی بەشداربن لەو کۆبوونەوە گرنگەدا
کە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر کۆی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی داهاتوو
بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
151 جار خوێندراوەتەوە