ئەنجومەنی
باڵای دادوەریی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بڕی 25 ملیار دیناری عێراقی و یەک ملیۆن
دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ پێنج کیلۆگرام زێڕ لە ماڵی عەدنان جومەیلی، بریکاری
دەستگیرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن ڕاگەیاند، کە پارەکان لەناو بوتڵی
پلاستیکیی ئاودا شاردرابوونەوە.
دادوەری
لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی ناوەندیی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی ڕایگەیاند،
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت و ئەو کەسانەی
تێوەگلاون، توانراوە دەست بەسەر ئەو بڕە پارە و زێڕەدا بگیرێت کە لەناو بوتڵی
ئاودا لە ماڵی تۆمەتبارەکە لە شاری تکریت شاردرابوونەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە
دەرەنجامی بەدواداچوونی وردە بۆ ئەو پارانەی بەهۆی بەهەدەردان لە پرۆژەکاندا
لەلایەن تۆمەتبارانەوە کۆکرابوونەوە.
دادوەرە
تایبەتمەندەکە ئاشکراشی کرد، بە کۆکردنەوەی ئەم بڕە نوێیە، کۆی گشتیی ئەو پارانەی
لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە گەیشتووەتە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن
دۆلار، سەرباری دەستبەسەرداگرتنی چەندین موڵک، ئۆتۆمبێل و زێڕ. جەختیشی کردەوە کە
لێکۆڵینەوەکان و ڕاوەدوونانی تۆمەتبارانی دیکە تا تەواوبوونی سەرجەم ڕێکارە
یاساییەکان بەردەوام دەبن.
58 جار خوێندراوەتەوە