سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، گەنجێکی شوانکارە لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا و تا ئێستاش تەرمەکەی و سەدان سەر مەڕوماڵاتی، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد: "ئەو گەنجە ناوی (ڕێباز سلێمان هەرکی)یە و لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان خەریکی شوانی و بەخێوکردنی مەڕوماڵات بووە، بەڵام لەلایەن سوپای پاسدارانەوە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە." ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا تەرمی ئەو گەنجە و نزیکەی 850 سەر مەڕوماڵاتەکەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرن
ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بەتایبەت لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان و باڵەکایەتی، بەردەوام وەک ناوچەی مەترسیدار بۆ دانیشتووان و کاسبکارانی ناوچەکە دەمێننەوە. بەهۆی بوونی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، ژیانی گوندنشینان، کۆچەران و شوانکارەکانی ئەو سنوورە کەوتووەتە ژێر هەڕەشەیەکی بەردەوامەوە
186 جار خوێندراوەتەوە