شارەزایەکی بواری کەشناسی هۆشداری دەداتە
هاووڵاتیان لەبارەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی
کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی دووەم شەپۆلی بەهێزی گەرمای ئەمساڵەوە کە
پلەکانی گەرما تێیدا چوار بۆ پێنج پلە بەرز دەبنەوە.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای بواری کەشناسی لە
لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی نوێی گەرما ڕووی لە ناوچەکانی
هەرێمی کوردستان کردووە و لە ئەمڕۆ شەممەوە کاریگەرییەکانی بەتەواوی هەستی
پێدەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ یەکشەممە و دووسبەی دووشەممە چەقی
شەپۆلەکە دەبێت و گەرما دەگاتە لوتکە.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایەی کەشناسی،
بەرزترین پلەی گەرما بۆ ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە لە قەزای کەلار دەبێت کە
دەگاتە 46 بۆ 47 پلەی سیلیزی و لە کەرکوکیش 45 بۆ 46 پلە دەبێت.
هاوکات لە هەولێر و هەڵەبجە پلەکانی گەرما لە
نێوان 43 بۆ 45 پلە دەبن، لە سلێمانی 43 پلە و لە دهۆکیش 42 پلە دەبێت، لە کاتێکدا
نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 35 پلەی سیلیزییە و قەزای پێنجوێنیش
لە نێوان 38 بۆ 39 پلەدا دەبێت.
82 جار خوێندراوەتەوە