ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناردنی بڕێک لە پارەی کاشی دۆلاری بەڕێگەی ئاسمانی بۆ
عێراق دەستپێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ چەند مانگێک بەمەبەستی دروستکردنی گوشار
لەسەر حکومەتی بەغدا بۆ دوورکەوتنەوە لە ئێران، ئەو پرۆسەیە راگیرابوو.
رۆژنامەی
نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، لە زاری دوو یاریدەدەری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی
عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە؛ کاروانی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ بەغدا
دەستیپێکردووەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی
عێراق رایگەیاندووە: "ناردنی کاروانەکانی دۆلار بۆ عێراق دەستیپێکردووەتەوە و
کێشەکە چارەسەر کراوە."
هاوکات، موزهر
محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران، هەواڵی دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی
پارەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
لە مانگی
نیسانی ئەمساڵدا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گواستنەوەی پارەی نەختینەی دۆلاری بۆ عێراق
راگرت و داهاتی فرۆشی نەوتی عێراقیشی لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرک هێشتەوە. ئەم
رێکارانەی واشنتن لە کاتێکدا گیرانەبەر کە عێراق لە پرۆسەی پێکهێنان و
دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێدا بوو، ئەمریکاش هەوڵیدەدا رێگری لەو کاندیدانە
بکات کە وەک لایەنگری ئێران دەبینران، هەروەها داوای لە بەغدا دەکرد کۆنتڕۆڵی
تەواوی ئەو گرووپە چەکدارانە بکات کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هێرش دەکەنە سەر
ئامانجەکانی ئەمریکا.
سەبارەت بە
سزاکانی دیکە، لە کاتێکدا پێشتر لە مانگی نیساندا بەرپرسانی عێراق رایانگەیاندبوو
واشنتن هەماهەنگییە داراییەکانی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان هەڵپەساردووە، بەرپرسێکی
عێراقی بە مەرجی نەهێنانی ناوی ئاشکرایکردووە، ئەو سزایانەی کە خراونەتە سەر کەرتی
ئەمنی و سەربازیی عێراق هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و هەڵنەگیراون.
63 جار خوێندراوەتەوە