بڕیاری نوێ بۆ پسووڵەی خۆراک دەرچوو

KNN : Kurdish News Network
12:12 - 07/07/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیارێکی نوێی لەبارەی پسوولەی خۆراکەوە دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە، پڕۆسەی زیادکردنی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 12 ساڵەوەیە و پێشتر ناویان تۆمار نەکراوە، لە شاری هەولێر دەست پێدەکات.

 

بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراقی فیدراڵ، لەمڕۆوە زیادکردنی کەسانی سەروو تەمەن ١٢ ساڵ لە پسوولەی خۆراکدا دەست پێدەکات؛ ئەو هاووڵاتییانەی ناویان لە پسوولەی خۆراکدا تۆمار نەکراوە، دەتوانن لەمڕۆوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی ناویان."

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، پێویستە ئەو کەسەی ناوی لە پسوولەکەدا نییە، خۆی بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراک بکات و ئەم پێداویستییانەی خوارەوەی پێبێت:

 

کارتی نیشتمانی: کارتی نیشتمانیی ئەو کەسەی کە دەیەوێت ناوی لەسەر پسوولەی خۆراکەکە زیاد بکرێت.

 

کارتی زانیاری: کارتی زانیاریی سەرۆک خێزان.

 

بڕی ڕسومات: بڕینی پسوولەیەکی دارایی بە بڕی شەش هەزار و 500 دینار.

 

پەنجەمۆر: ئامادەبوونی خودی ئەو کەسەی ناوی نییە بە مەبەستی وەرگرتنی پەنجەمۆری.

330 جار خوێندراوەتەوە