شارەزایەکی کەشناسی: بارانبارینی ئەمساڵ لە هەرێم و عێراق لە سەرووی تێکڕای گشتیی ساڵانەوە دەبێت

KNN : Kurdish News Network
11:26 - 07/07/2026
کوردستان
+
-

پێشبینییە سەرەتاییەکانی سەنتەرەکانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی پایز و زستانێکی تەڕ و پڕباران دەبنەوە، کە بەهۆی کاریگەرییەکانی دیاردەی "ئەلنیۆ"وە گۆڕانکاریی تەواو لە کەشوهەوای ناوچەکەدا ڕوودەدات.

 

بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکانی سەنتەری کەشناسیی ئەوروپی کە لەلایەن شارەزای کەشناسی، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزییەوە بڵاوکراوەتەوە، دیاردەی ئەلنیۆ لە ئێستادا لە بەشی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن دەستیپێکردووە و لە مانگەکانی داهاتوودا کاریگەرییەکانی زیاتر دەردەکەون. ئەم دیاردەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت و باوبۆران و بارانی بەهێز بۆ ناوچەکە دەهێنێت، لە بەرامبەریشدا لە چەند وڵاتێکی وەک ئوسترالیا، ئەندەنوسیا و باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا دەبێتە هۆی وشکەساڵی.

 

هەر بەپێی ئەو پێشبینییانە، وەرزی دابارینی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو دەبێت و پێشبینی دەکرێت بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری لە کاتێکی پێشوەختەدا بێتە ناوچەکەوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە بڕی بارانبارین لە مانگەکانی تشرینی یەکەم (10) و تشرینی دووەم (11) لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی تێکڕای گشتیی ساڵانەوە دەبێت.

 

لە درێژەی پێشبینییەکاندا هاتووە، ئەگەری هەیە لە مانگی تشرینی یەکەمدا، لە ئەنجامی یەکگرتنی هەردوو نزمەپەستانی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکە بکات، کە لە هەندێک شوێن مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت. هەروەها بۆ مانگەکانی کانوونی یەکەم (12) و کانوونی دووەم (1) پێشبینی دەکرێت بڕی دابارین لە سەرووی ئاستی مامناوەندەوە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم داتایانە پێشبینی سەرەتایین و ئەگەری گۆڕانکارییان بە ئاراستەی باش یان خراپ تێدایە.

243 جار خوێندراوەتەوە