حەماس هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی لە غەززە راگەیاند

KNN : Kurdish News Network
01:44 - 06/07/2026
جیهان
+
-

بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەستکردنی سەرجەم دۆسیەکانی بەڕێوەبردن و ئەمنی لە کەرتی غەززە بە لیژنەیەکی نیشتمانیی تەکنۆکرات ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە لە قۆناغی دوای جەنگدا بەشدار نابێت لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ئەم هەنگاوە بە "چەواشەکارییەکی بێمانا" وەسف دەکات.

 

حازم قاسم، وتەبێژی حەماس و بەرپرسانی دیکەی بزووتنەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی فریاگوزاری بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە فەلەستینییەکان بووە بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک بە دەست ئیسرائیلەوە نەهێڵن. هاوکات داوایان لە وڵاتانی نێوەندگیر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد کە گوشار دروست بکەن بۆ چوونە ناوەوەی لیژنەکە بۆ غەززە، کردنەوەی دەروازەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان.

 

حەماس ڕوونیشیکردەوە کە فەرمانبەرانی غەززە سەر بە بزووتنەوەکە نین و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ لە کارەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی.

 

لە بەرامبەردا، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵاوە بڵاویکردەوە کە دەستلەکارکێشانەوەی ڕواڵەتیی حکومەتەکەی حەماس تەنها هەنگاوێکی چەواشەکارانەیە و بێمانایە. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە پێی وایە، حەماس ترسی لەوە هەیە وەک پێشێلکاری ڕێککەوتنەکە بناسێندرێت، بۆیە پەنا بۆ خۆدزینەوە و فێڵکردن دەبات.

129 جار خوێندراوەتەوە