ترەمپ: لە باشەی خۆمانە رێگەمان بە ئێران داوە تەرمی خامنەیی بەخاکبسپێرن

KNN : Kurdish News Network
10:10 - 04/07/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وتارێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی ئاهەنگەکانی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بێئارامانە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ واشنتۆن. ئاشکراشی کرد کە بەهۆی "میهرەبانی و باشی" ئەمریکاوە، مۆڵەتی یەک هەفتەیان بە تاران داوە بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە و ماتەمینی.

 

ترەمپ لە لێدوانەکانیدا تیشکی خستە سەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند: "ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ ڤەنزوێلا لە یەک ڕۆژدا یەکلا کردەوە و گورزی زۆر قورسیشمان وەشاندووەتە ئێران."

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توندی دا لە گەڕانەوەی مەترسیی کۆمۆنیزم بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی دوای دەیان ساڵ لە یەکلابوونەوەی جەنگی سارد، و وتی: "ناسنامەی ئەمریکی ڕووبەڕووی هێرشێکی نوێ بووەتەوە، ئەو کەسانەی تازە دێنە ئەمریکاوە هەڵگری بیری کۆمۆنیستین کە بەتەواوی دژ بە شێوازی ژیان و سەرکەوتنە ئابوورییەکانمانە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ناکۆکییەکان تەنیا سیاسی نین لەسەر باج و ڕێنماییەکان، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چارەنووسسازە لەگەڵ کۆمۆنیزم کە هەڕەشەیەکی کوشندەیە بۆ سەر ئازادی.

 

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و ململانێی پارتەکان، ترەمپ هێرشی کردە سەر پارتی دیموکراتەکان و هۆشداری دا: "ئەگەر دیموکراتەکان بگەڕێنەوە دەسەڵات، پلانیان هەیە گۆڕانکاریی وا بکەن کە کۆتایی بە هەلی سەرکەوتنی کۆمارییەکان بهێنێت لە هەر هەڵبژاردنێکی داهاتوودا."

 

لە کۆتاییدا، ترەمپ ستایشی پێگەی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند کە "سەردەمی زێڕین"ـی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر خاڵی دەستپێکە، وتیشی: "هیچ وڵاتێک لە جیهاندا هێندەی ئەمریکا خێر و بەشداریی ئەرێنی بۆ مرۆڤایەتی پێشکەش نەکردووە، ئەوەی ئێمە لە ناوخۆی وڵاتەکەماندا دروستمان کردووە نموونەیەکی باو نییە لە جیهاندا، بەڵکوو ئیستسنایەکی کەم وێنەیە."

65 جار خوێندراوەتەوە