لە هێرشێکی
بەرفراوان و چڕی ڕووسیا بە موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شاری کیێڤی
پایتەختی ئۆکرانیا، لانیکەم 13 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
هێرشەکە زیانی گەورەی بە باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان گەیاندووە و مۆسکۆش دەڵێت،
ئامانجەکانیان تەنها بنکەی سەربازی و دامەزراوەکانی وزە بوون.
دەستەی
فریاگوزاریی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بۆ سەر کیێڤ،
ژمارەی قوربانییان بەرزبووەتەوە بۆ 13 کوژراو. لای خۆیەوە، بەرپرسێکی ناوخۆیی
ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە 56 کەس کە دووانیان منداڵن. پێشتریش، سەرۆک شارەوانی کیێڤ ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی
پێکانێکی ڕاستەوخۆی هێرشەکانەوە، بەشێکی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی نۆ قاتی
داڕماوە و ئاگر لە چەند شوێنێک کەوتووەتەوە، هاوکات هێزەکانیان بەردەوامن لە
بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.
لە بەرامبەردا،
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هێرشێکی بەرفراوانیان بە
چەکی مەودا درێژی زۆر ورد لە ڕێگەی وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەوە ئەنجامداوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان کراونەتە سەر دامەزراوە سەربازی و
وزەکانی کیێڤ، هەروەها فڕۆکەخانەکانی دنیپرۆپێترۆڤسک و پۆڵتاڤا لە ئۆکرانیا، ئەوەش
وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی پێشووی ئۆکرانیا، بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی مۆسکۆ.
هاوکات لەگەڵ
ئەم پێشهاتانەدا، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئاشکرایکرد کە شەوی ڕابردوو هێزەکانیان 327 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە خستووەتە خوارەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، پارێزگاری نۆڤگۆرۆدی ڕووسیا پشتڕاستی کردەوە کە بەهۆی هێرشێکی
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیاوە بۆ سەر ناوچەکەیان، کەسێک کوژراوە و چوار کەسی
دیکەش برینداربوون.
209 جار خوێندراوەتەوە