یسرائیل کاتس: ئەوەی هەوڵی لەناوبردنی ئیسرائیل بدات هەمان چارەنووسی خامنەیی دەبێت

KNN : Kurdish News Network
09:41 - 06/07/2026
جیهان
+
-

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی وڵاتەکەی لە کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕاگەیاند و هۆشدارییەکی توندیش دەداتە سەرکردەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کە هەر کەسێک هەوڵی لەناوبردنی ئیسرائیل بدات، بەهەمان شێوە لەناو دەبرێت.

 

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد، ئەو خامنەییەی کە ئێستا ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی بۆ دەکرێت، لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ناوبراو دەستپێشخەری کردووە و سەرکردایەتی پلانێکی کردووە کە ئامانج لێی لەناوبردنی ئیسرائیل بووە. جەختیشی کردەوە، هەر سەرکردە و فەرماندەیەکی دیکەی ئێرانی جارێکی دیکە هەوڵی پاڵپشتیکردنی پلانەکانی لەناوبردنی ئیسرائیل بدات، هەمان چارەنووسی دەبێت و لەناو دەبرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێرشە بەرفراوانەی بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆ و ترەمپ کرایە سەر ئێران، مەترسییەکی گەورە و هەڕەشەی مانەوەی لەسەر ئیسرائیل لابرد و زیانی زۆری بە تواناکانی ئەو وڵاتە گەیاند. دووپاتیشی کردەوە کە ئیسرائیل بەتەواوی ئامادەیە لە هەر کاتێکدا و لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا، پشت بە هێز و توانای خۆی ببەستێت بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی.

58 جار خوێندراوەتەوە