عەلی فالح
زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قۆرخکردنی چەک
لەلایەن دەوڵەتەوە دەخاتە سەرووی پێشینەی کارەکانی حکومەتەکەیەوە، وەک دوو کۆڵەکەی
سەرەکی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای دەستپاکیی و سەروەریی.
لە کۆبوونەوەی
درەنگانی شەوی یەکشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا، زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت
بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و
چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت، و ڕایگەیاند: "ئەم هەڵمەتە تەنیا هەنگاوێکی کاتی
نییە، بەڵکو قۆناغی یەکەمە و ڕێکاری قووڵتری بەدوادا دێت". سەرۆک وەزیران
داواشی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە سامانی گشتییان لایە بیگەڕێننەوە و وتی:
"دەبێت سامانی گەل بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان و هیچ گەندەڵکارێک پارێزبەندی
نابێت".
لە
چاوپێکەوتنێکیشدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە
کرد کە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بڕیارێکی کۆتاییە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە،
چونکە گەندەڵی بووەتە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی دەوڵەت. ئاشکراشیکرد لە کۆتایی
ئەمساڵدا "کۆنگرەی سەروەریی نیشتمانی" دەبەسترێت بۆ چەسپاندنی پرەنسیپی
قۆرخکردنی هێز تەنها بەدەست دەوڵەتەوە و ڕادەستکردنی چەک بە هێزە چەکدارەکان بەپێی
میکانیزمێکی ڕوون.
لەسەر هەمان
پرس، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، سەرۆک
وەزیران وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە هەژمارێکی تایبەت بۆ ئەو پارانە بکاتەوە کە لە
دۆسیەکانی گەندەڵیی و دەستکەوتی نایاسایی دەگەڕێندرێنەوە. هاوکات ئاشکرایکرد
هەڵمەتی "بەرەبەیان" تا ئێستا بووەتە هۆی دەستگیرکردنی 21 تۆمەتبار و
هەڵمەتەکەش تا گەڕاندنەوەی سامانی گشتی ناوەستێت. هەروەها وتیشی: کۆتایی مانگی
ئەیلولی داهاتوو دوا مۆڵەت دەبێت بۆ ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت، کە ئەمەش هاوکاتە
لەگەڵ چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
104 جار خوێندراوەتەوە