حەیدەر
عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە هەڵمەتی "بەرەبەیان"دا
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، 21 تۆمەتبار دەستگیرکراون و ئۆپەراسیۆنەکەش بەردەوام
دەبێت. هاوکات لەبارەی مووچەشەوە دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم.
لە لێدوانێکی
ڕۆژنامەوانیدا، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، عەلی زەیدی، سەرۆک
وەزیران ڕێنمایی وەزارەتی دارایی کردووە بۆ کردنەوەی هەژمارێکی بانکیی تایبەت بە
دانانی ئەو پارانەی لە تۆمەتبارانی کەیسەکانی دەستکەوتی نایاسایی دەگەڕێندرێنەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە دانپێدانانی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان، هێزە ئەمنییەکانی
گەیاندووەتە چەندین تۆڕی دیکە لەسەر ئاستی ناو و سامانی حەشاردراو، و حکومەت بۆ
پاراستنی سامانی گشتی لە هەڵمەتەکانی ناوەستێت.
سەبارەت بە
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبوودی دووپاتیکردەوە کە ڕێککەوتن و
لێکتێگەیشتن لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە لەسەر ئەو پرسە و حکومەتی فیدراڵی
پابەندبوونی نەگۆڕی هەیە بۆ دابینکردن و پاراستنی مووچەکان.
لەبارەی
رادەستکرندی چەک بە دەوڵەتیش ئاشکرای کرد، ڕۆژی 21ی ئەیلولی داهاتوو، دوا مۆڵەتە
بۆ ڕادەستکردنی چەک و لە هەمان کاتیشدا هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی عێراق
جێدەهێڵن.
لە بەشێکی تری
قسەکانیدا، وتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد کە بەغدا ڕەزامەندیی داوە لەسەر
داواکارییەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی تەرمی عەلی خامنەیی
لە عێراق، کە بڕیارە لە ڕۆژی 8ی تەممووزی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
41 جار خوێندراوەتەوە