عەلی فالح
زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە و گەندەڵی بووەتە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی دەوڵەت، هاوکات
ئاشکرای دەکات کە بۆ خولی داهاتوو خۆی کاندید ناکاتەوە و هیچ حزبێکی سیاسیش
دانامەزرێنێت.
لە
چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە
کرد کە هیچ جێگەیەک بۆ گەندەڵی و چەکی دەرەوەی دەوڵەت نەماوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش
لە کۆتایی ئەمساڵدا "کۆنگرەی سەروەریی نیشتمانی" ڕادەگەیەنن کە تایبەت
دەبێت بە قۆرخکردنی هێز تەنها لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوەکانیدا. لەبارەی گرووپە
چەکدارەکانیشەوە، زەیدی ئاشکرای کرد کە چەکیان لە (سەرایا سەلام، عەسائیب
ئەهلولحەق و کەتائیب ئیمام عەلی) وەرگرتووە و جەختیشی کردەوە کە مقاوەمە پێویستی
بووە نەک پیشە، ئێستاش ئەو پێویستییە نەماوە و قبوڵ ناکەن دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا
هەبێت.
لە ڕووی
ئابوورییەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونیکردەوە کە دەیانەوێت بەرەو ئابووری بازاڕ
هەنگاو بنێن و یاسا کۆنەکانی سەردەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش هەڵبوەشێننەوە.
هەروەها ڕایگەیاند کە کار بۆ دامەزراندنی "سندووقی وزە و گەشەپێدان"
دەکەن بە بەشداری بانکی ناوەندی و بانگهێشتی وڵاتانی کەنداو و سندووقە ئەمریکی و
ئەوروپییەکان دەکەن بۆ بەشداریکردن تێیدا.
سەبارەت بە
پشکی عێراقیش لە ئۆپێک، زەیدی پێی وایە پشکەکەیان لەگەڵ ژمارەی دانیشتووان و
تێچووی شەڕی داعشدا ناگونجێت و هەوڵی بەدەستهێنانی پشکێکی دادپەروەرانە دەدەن،
جەختیشی کردەوە کە عێراق پێویستی بە قەرزی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی نەماوە و
کێشەی ناردنی دۆلاریش چارەسەر کراوە.
لە بەشێکی
دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا و لەسەر ئاستی دەرەوە، عەلی فالح زەیدی ڕەتی کردەوە عێراق
بچێتە ژێر باری هیچ ئیملا و سەپاندنێکی دەرەکییەوە، چ لە ڕۆژهەڵاتەوە بێت یان لە
ڕۆژئاواوە. هەروەها ڕەتیکردەوە کە هێرشەکانی سەر وڵاتانی کەنداو لە خاکی عێراقەوە
ئەنجام درابێتن و ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانیان ڕاسپاردووە ڕێگری لە هەر هەوڵێک
بکەن بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق دژی وڵاتانی دراوسێ.
لە کۆتاییشدا
ئاشکرای کرد کە دوای سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، سەردانی هەریەک لە تورکیا، سعودیە و
ئێران دەکات.
103 جار خوێندراوەتەوە