فالح ساری،
وەزیری دارایی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای
دادوەری کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێگەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان
هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری لە پاراستنی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی ئەو
پارانەی لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە
کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لەسەر ئەو میکانیزمانەی کە ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی
سامانی گشتی و پاراستنیان بەپێی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان پتەوتر دەکەن، بە
جۆرێک کە مسۆگەریی پاراستنیان بکات و ڕێگری لە بەهەدەردانیان بگرێت.
لە دیدارەکەدا،
وەزیری دارایی جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی سامانی گشتی بەرپرسیارێتییەکی
نیشتمانیی هاوبەشە. هەروەها دووپاتیکردەوە کە وەزارەتەکەیان سوورە لەسەر
پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانەی ئامانج لێیان ڕاوەدوونانی تێوەگلاوانە لە دۆسیەکانی
گەندەڵیی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە متمانەی هاوڵاتیان بە
دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێزتر بێت و بنەماکانی دەستپاکیی و سەروەریی یاسا
بچەسپێنرێن.
87 جار خوێندراوەتەوە