وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بۆ ساڵی 2026 راگەیاند، کە تێیدا 400 هەزار تۆن گەنم لە رێگەی سایلۆکانی هەرێمەوە وەردەگیرێت، هاوکات وەزیری بازرگانیی عێراقیش جەخت لە پاراستنی مافی جووتیاران دەکاتەوە
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی بازرگانی کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بەسەر دوو پۆلێندا دابەش کراوە؛ لە چوارچێوەی پلاندا بڕی 292 هەزار تۆن بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دیاریکراوە، هەروەها لە دەرەوەی پلاندا 108 هەزار تۆن بە نرخی 500 هەزار دینار وەردەگیرێت. پشکی پارێزگاکانیش بۆ رادەستکردنی گەنم بەمجۆرە دیاریکراوە
پارێزگای سلێمانی: 150هەزار و 209 تۆن
پارێزگای هەولێر: 122 هەزار و 680 تۆن
پارێزگای دهۆک: 116 هەزار و 83 تۆن
پارێزگای هەڵەبجە: 11 هەزار و 28 تۆن
ئەمڕۆش لە میانی بەسەرکردنەوەی یەکەمین پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی هەولێر، مستەفا نزار، وەزیری بازرگانیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی رەنج و ماندووبوونی جووتیارانی هەرێم بەفیڕۆ نەچێت
لەلایەکی دیکەوە و پێش دەستپێکردنی پرۆسەکە، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا نیگەرانیی خۆی نیشاندابوو و رایگەیاند: "بڕی ئەو گەنمەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم دیاریکراوە بە بەراورد بە قەبارەی راستەقینەی بەرهەمی ئەمساڵ بڕێکی کەمە و تێرکەری پێویستیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نییە
143 جار خوێندراوەتەوە