وەزارەتی بازرگانی هۆشداریی توند دەداتە ئەو بازرگانانەی نرخی کاڵا و شتومەک گران دەکەن

KNN : Kurdish News Network
06:38 - 11/06/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداریی توند دەداتە بازرگانان و فرۆشیاران لە گرانکردنی نرخی کاڵا و شتومەک لە بازاڕەکاندا و جەخت دەکاتەوە، هەر کەسێک دۆخی ئێستا و قەیرانەکانی ناوچەکە بقۆزێتەوە، ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە

 

بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەکەدا سەریان هەڵداوە، دڵەڕاوکێ لای بەشێک لە هاووڵاتییان بۆ گرانبوونی خۆراک و پێداویستییەکان دروست بووە، لە بەرامبەردا لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕێکارەکانیان چڕتر کردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و دروستبوونی باری نائاسایی لە بازاڕەکاندا

 

نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بۆ چاودێریکردنی نرخەکان بەدواداچوون بۆ مەنەفێست دەکەین، چونکە ئەگەر کاڵاکە دوو ڕۆژ یان سێ مانگ پێش ئێستا کڕدرابێت جیاوازیی لە نرخەکانیاندا هەیە، بۆیە ئەگەر دەستکاری کرابێت، جگە لە کەمکردنەوەی نرخەکە، سەرپێچیکاران سزای دارایی دەدرێن

 

ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکانیان فراوانتر کردووە و بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن، هاوکات تیمەکانی قایمقامیەت و چاودێریی بازرگانی لە تەواوی شار و شارۆچکەکاندا بڵاوەیان پێکراوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی مەیدانی و بەراوردکردنی نرخی کڕینی پێشوو و ئێستای بازرگانان

 

هەروەها داواشی لە هاووڵاتییان کرد ئەگەر هەستیان بە گرانکردنی بێهۆکار کرد، پەیوەندییان پێوە بکەن بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لێپێچینەوەی یاسایی بکەن.

78 جار خوێندراوەتەوە