ئەنجومەنێکی باڵای سەروەری بۆ دەستپاکی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی دروست دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
07:07 - 30/05/2026
عێراق
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بڕیاریدا بە پێکهێنانی "ئەنجومەنی باڵای سەروەری بۆ دەستپاکی و چاودێری و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی" بە سەرۆکایەتی خۆی، بەمەبەستی چاودێریکردنی وەزارەتەکان و پارێزگاکان و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی

 

 

لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا سەبارەت بە ڕێکارەکانی وردبینی لە گرێبەستە حکومییەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق  فەرمانیدا بە پێکهێنانی ئەنجومەنەکە. ئەم ئەنجومەنە بە ئەندامێتی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەبێت، ئەرکی سەرەکییان چاودێریکردنی بەردەوامی وەزارەتەکان، لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و پارێزگاکان دەبێت لە پرسە چارەنووسسازەکاندا، بۆ ڕێگریکردن لە بەهەدەردان و گەڕاندنەوەی پارەی دەوڵەت، لەگەڵ ڕەوانەکردنی دەرەنجامی کارەکانیان بۆ دادگا

 

 

هەروەها سەرۆک وەزیران جەختی لە پێویستی دڵنیابوونەوە لە سودمەندیی ئابووریی پڕۆژەکان کردەوە، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەی لاوەکیی تایبەتمەند بۆ وردبینی لە گرێبەستە حکومییەکان بۆ دڵنیابوون لە گونجانیان لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکان

 

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندی کرا لە نێوان دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی دارایی، بۆ دانانی میکانیزمێک تایبەت بە وردبینی و لێکۆڵینەوە لە گرێبەستە حکومییەکان پێش واژۆکردنیان، ئەوەش لەپێناو دڵنیابوونەوە لە گونجانیان لەگەڵ تەرخانکراوە داراییەکان.

 

 

69 جار خوێندراوەتەوە