لیژنەی دارایی: مووچەی 6 مانگ گەرنتی کراوە

KNN : Kurdish News Network
11:31 - 12/05/2026
ئابوری
+
-

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە و ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەش پەیوەستە بە پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق بۆ دابینکردنی مووچە پێویستی بە زیاتر لە (7) تریلیۆن دینار هەیە.

 

عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق بەڵێنیداوە بەپێی "یاسای داشکاندنی یەدەگ"، پارەدارکردن و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لەئەستۆ بگرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، هەرکاتێک حکومەت پێکبهێنرێت، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی (2026) ڕەوانە دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بە هەبوونی دەسەڵاتی قەرزکردن کرد بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی قەیرانەکە، بەتایبەتی لە سایەی نادیاریی چارەنووسی کردنەوە یان نەکردنەوەی گەرووی هورمز.

 

عەواد ڕوونیشیکردەوە، عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە (7) تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، و دڵنیاییشیدا کە بەپێی یاساکەی بانکی ناوەندی، مووچە بۆ ماوەی شەش مانگ دەستەبەر کراوە.

232 جار خوێندراوەتەوە