مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئاماژەی بە نوێترین دیداری خۆی لەگەڵ سەید موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ڕەهەندە کەسیی، ئەخلاقی و بەڕێوەبەرییەکانی ناوبراو.
پزیشکیان ڕایگەیاند، دیدارەکە لە کەشێکی زۆر دۆستانە و نزیکدا بەڕێوەچووە و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو بەردەوام بووە. سەرۆک کۆماری ئێران وتی: "ئەوەی لەم دانیشتنەدا بۆ من جێگەی سەرنج بوو، شێوازی مامەڵەکردن و ڕوانینە سادە و قووڵەکەی ڕێبەری باڵا بوو؛ ئەم نزیکبوونەوەیە وایکرد کەشێکی پڕ لە متمانە، ئارامی و لێکتێگەیشتنی بێواستە دروست ببێت."
پزیشکیان جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن ببێتە مۆدێلێک بۆ سەرجەم ئاستە کارگێڕییەکانی وڵات و وتی: "کاتێک بەرزترین مەقامی وڵات بەو پەڕی توازیع و سادەییەوە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسان و خەڵکدا دەکات، ئەمە دەبێتە نموونەیەک بۆ لێپرسراوێتی و نزیکبوونەوە لە کێشەکانی خەڵک، هەروەک چۆن ڕێبەری شەهید و مەزن (ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی) لە ژیان و کارەکانیدا پابەند بوو پێیەوە."
سەرۆک کۆمار لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕێبەری باڵا لەم دیدارەدا بە گیانێکی پڕ لە ڕێز و سادەییەوە ئامادە بوو، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ گفتوگۆیەکی ڕاشکاو و بێپەردە لە نێوان هەردوولادا.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوای هەڵبژاردنی وەک رابەری باڵای ئێران، موجتەبا خامنەیی هیچ دەرکەوتنێکی نەبووە و چەندین دەنگۆ لەبارەی باری تەندروستییەوە بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوەدەکرێت، لە یەکەم رۆژی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل برینداربووە و تائێستاش لە ژێر چاودێریدایە.
341 جار خوێندراوەتەوە