ترەمپ: شەڕی ئێران کورتترینە لە مێژووی شەڕەکانی ئەمریکا

KNN : Kurdish News Network
09:30 - 07/05/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خشتەیەکی تایبەت بە ماوەی جەنگەکانی مێژووی ئەمریکای بڵاوکردەوە و تێیدا بەراوردی ماوەی ململانێ سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەکات، بەتایبەت تیشک دەخاتە سەر کورتیی ماوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە بە "هەڵمەتی ئێران"  ناوی بردووە.

 

لەو خشتەیەدا کە ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردووەتەوە و نوسیویەتی "سەیری ئەم خشتەیە بکەن"، جەنگی ئەفغانستان بە 543 هەفتە وەک درێژترین جەنگی ئەمریکا لە ڕیزبەندییەکەدا دیاریکراوە، دواتر جەنگی عێراق بە 475 هەفتە و جەنگی ڤێتنام بە 439 هەفتە دێن.

 

لە خشتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە شەڕی ناوخۆیی ئەمریکا 209 هەفتە، شەڕی جیهانی دووەم 196، شەڕی نیمچەدوورگەی کۆریا 161 و شەڕی 1812 ش 139 هەفتەیان خایاندووە.

 

 لە کۆتایی خشتەکەشدا، ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران دانراوە کە تەنها ژمارە (6)ی بۆ دیاریکراوە وەک ئاماژەیەک بۆ شەش هەفتە، ئەمەش بۆ نیشاندانی کورتیی ماوەی ئەو قەیرانەیە بەراورد بە جەنگە گەورەکانی وەک جەنگی جیهانی دووەم و شەڕی ناوخۆی ئەمریکا.

 

بڵاوکردنەوەی ئەم خشتەیە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە کاتێکدایە، ناوبراو لە بانگەشەکانیدا هەمیشە شانازی بەوەوە دەکات کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەودا ئەمریکا نەچووەتە هیچ جەنگێکی نوێی درێژخایەنەوە و سیاسەتی "کۆتاییهێنان بە جەنگە بێكۆتاکان"ی پەیڕەو کردووە.

 

دەستەواژەی "هەڵمەتی ئێران" یان "ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران" (Iran Excursion) کە لە خشتەکەدا ئاماژەی پێداوە، دەگەڕێتەوە بۆ گرژییە توندەکانی نێوان واشنتن و تاران لە سەردەمی ئیدارەکەی پێشووی ترەمپ، بەتایبەت ئەو ماوە کورتەی دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سەرەتای ساڵی 2020، کە دواتر بووە هۆی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق.

 

شرۆڤەکاران پێیان وایە ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم بەراوردەوە پەیامێک بداتە دەنگدەرانی ئەمریکا، کە ئەو توانای هەیە بە کورتترین ماوە (تەنیا شەش هەفتە) مامەڵە لەگەڵ گەورەترین هەڕەشەکاندا بکات و بە خێرایی کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت، ئەوەش بەپێچەوانەی ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا کە وڵاتەکەیان تێوەگلاندووە لە جەنگی چەندین ساڵەدا و قوربانی و زیانێکی زۆری ئابوورییان بەدواوە بووە.

419 جار خوێندراوەتەوە