ماڵپەڕێکی
ئەمریکی وردەکاری پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئەمریکا بۆ ئێران لەپێناو رێککەوتن لەسەر
کۆتاییهێنان بە جەنگ و هەروەها چارەنووسی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە و یۆرانیۆمە
پیتێندراوەکەی تاران ئاشکرا دەکات.
ماڵپەڕی
ئاکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکەوە ئاشکرای کرد، واشنتن و تاران زۆر
نزیکبوونەتەوە لە ڕێککەوتن لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی یەک لاپەڕەیی کە لە 14
خاڵ پێکهاتووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، هاوکات ئەمریکا چاوەڕوان دەکات لە ماوەی 48
کاتژمێری داهاتوودا تاران وەڵامی چەند خاڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوە بداتەوە.
بەپێی
زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، فۆڕمی ئێستای یاداشتەکە کۆتاییهاتنی جەنگ ڕادەگەیەنێت و
دەبێتە دەستپێکی دانوستانێکی 30 ڕۆژە تایبەت بە گەرووی هورمز، دۆسیەی ئەتۆمیی
ئێران و سزاکان، کە پێدەچێت لە ئیسلام ئاباد یان جنێڤ بەڕێوەبچێت. دانوستانەکان
بەشێوەی ڕاستەوخۆ و لەڕێگەی نێوەندگیرەکانیشەوە لە نێوان ستیڤ ویتکۆف، جارێد
کوشنەر و بەرپرسانی ئێران بەڕێوەدەچن. لە ماوەی ئەو 30 ڕۆژەدا، کۆتوبەندەکانی
ئێران لەسەر گەرووی هورمز و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی تدریجی
هەڵدەگیرێن، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی هۆشداری داوە، ئەگەر دانوستانەکان شکستیان
هێنا، ئەوا هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆکە یان کارە سەربازییەکان دەستپێدەکەنەوە.
لەبارەی
مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ئێران
پابەند دەبێت بە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، هەوڵنەدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی
ئەتۆمی، کارپێنەکردنی دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکان، و قبوڵکردنی پشکنینی
لەناکاوی پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەروەها ئێران ڕازی دەبێت بە بردنە دەرەوەی
یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی، کە وەک ئەولەوییەتێکی واشنتن سەیر دەکرێت و یەکێک لە
بژاردەکانیش گواستنەوەیەتی بۆ ئەمریکا، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا پابەند دەبێت بە
هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران بەشێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ.
واشنتن هەوڵ
دەدات بڕگەیەک جێگیر بکات کە هەر پێشێلکارییەکی ئێران لە پرۆسەی پیتاندندا، ماوەی
سڕکردنەکە درێژ بکاتەوە.
لە کۆتاییدا
بەرپرسە ئەمریکییەکان جەختیان کردووەتەوە، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی
کۆتایی، بەڵام ئەمە نزیکترین قۆناغە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەدوای هەڵگیرسانی
جەنگەکەوە.
206 جار خوێندراوەتەوە