هێز و پارتە
سیاسییەکانی پێکهاتە تورکمان و کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان، دوای
کۆبوونەوەیەکی فراوان لە عەنکاوە، داوای کاراکردنەوەی بەپەلەی پەرلەمانی کوردستان
و گەڕانەوەی ژمارەی کورسییەکانی کۆتا بۆ دۆخی پێشوویان دەکەن.
لە
ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، پێکهاتەکان (کەلدانی، سریانی-ئارامی، ئاشووری، ئەرمەنی و
تورکمان) داوایان کرد پەرلەمانی کوردستان وەک دەسەڵاتێکی یاسادانانی دەستووری دەست
بە دانیشتنەکانی بکاتەوە و پەلە بکرێت لە نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە
سیستەمی کۆتا، پێکهاتەکان داوای گەڕانەوەی 11 کورسییەکەی پێشووی پەرلەمانیان کرد (6
کورسی بۆ کریستیانەکان و 5 کورسی بۆ تورکمان)، بەو مەرجەی دەنگدان بۆ ئەو
کورسییانە تەنها لەلایەن ڕۆڵەکانی پێکهاتەکان خۆیانەوە بێت و تۆمارێکی تایبەتی
دەنگدەرانیان بۆ دروست بکرێت.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لە مسۆگەرکردنی بەشداریی کارای پێکهاتەکان لە
پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان
کرایەوە.
ئامادەبووانی
کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردەوە کە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و دابینکردنی
نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و
پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
هاوکات
بڕیاریان دا شاندێکی هاوبەش بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەکان بەمەبەستی چەسپاندنی ئەو
مافانە پێکبهێنن.
205 جار خوێندراوەتەوە